کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان قوربانییەکی دیکەی شەڕی ئیسرائیل و حەماس

22:05 - 3 خەزەڵوەر 2723

ئارمان حوسێنی

بەیانیی ڕۆژی شەممە ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٢ی هەتاویی، حەماس بە چەند هەزار مووشەک ئیسرائیلی کردە ئامانج و بواری بۆ شەڕێکی وێرانکەری تر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا خۆش کرد. هەر زوو بنیامین نەتانیاهو، سەرۆک‌وەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ویدیۆییدا ڕوو بە خەڵکی وڵاتەکەی ڕایگەیاند کە ئیسرائیل نە لە عەمەلیاتێکی نیزامی، بەڵکوو لە شەڕدایە. شەڕێک کە زۆر زوو لایەنی ئیسرائیلیی ناچار بە هەڵوێست کرد، هەڵوێست و دژکردەوەیەک کە خەریکە پریشکەکەی هەر هەموو غەززە و بگرە وڵاتانی ناوچەش بگرێتەوە. 
لەم دوو حەوتوویەشدا کە شەڕ بەردەوام بووە، خەڵکی سڤیل بەداخەوە زۆرترین ئاوردووی ئەو شەڕە بوون و تاکوو ئێستا بە هەزاران مرۆڤ لە هەردوو لا خەڵتانی خوێن کراون.
هەوڵی ئەم نووسینە ئەوەیە کە زەین و بیری خوێنەر بۆ بابەتێکی دی ڕابکێشێت کە لەوانەیە قوربانییەکی تری ئەم شەڕە لە کۆتاییدا کوردستان بێ! بەڵام بۆ کوردستان؟
جوغرافیای کوردستان سەرەڕای ئەوەی بە سەر چوار وڵاتدا دابەش کراوە، بەڵام لە ڕاستیدا و لەسەر ئەرزی واقع هێشتا جوغرافیایەکی لێکگرێدراو و دانەبڕاوە. هەڵبەت نابێ لەبیرمان بچێ کە تاکوو ئێستا داگیرکەرانی کوردستان هەموو هەوڵ و پیلانێکیان بۆ ئەوە بووە بتوانن ئەم لێکگرێدراوی و بەستراوەییەی خاک و خەڵکی کوردستان لێک داببڕێنن و شەقی بکەن. نموونەی زۆر هەن کە دەرخەری ئەم ڕاستییە و بەڵگەن بۆ ئەم ئیدیعایە و کەرکووک نموونەی هەرە بەرچاو و دیارە کە ڕێژیمی بەعسی عیراق بە کوشتن و ئەنفالی کوردەکان و هاوردەکردن عەرەب لە ناوچەکانی تری عێراقەوە هەوڵی دا خاک و خەڵکی کوردستان لێک داببڕێنێت و بە گشتی ناسنامە و شوناس و دێموگرافیی شارەکە بگۆڕێ و بەتەواوی تەعریبی بکا.
لەو کاتەوەش کە پڕۆژەی دەوڵەت-نەتەوە لە ئێران دەستی پێ‌کرد و هەوڵ درا ئەو ئایدیا سیاسییە دەسکردە بە زەبری چەک و سەرکوت بەسەر هەموو ئێراندا بسەپێنن، ئاوەها پڕۆژەیەکیش بۆ دابڕاندنی خاک و خەڵکی کوردستانی ئێرانی لە کرماشان دەستی پێ‌کرد و بە هێنانی خەڵکی غەیری کورد هەوڵی گۆڕینی ناسنامەی ڕاستەقینەی کوردستانیان دا کە ئەو هەوڵانە لە فۆڕم و شکڵ و لە پلان و پیلانی جۆراوجۆردا ئێستاش بەردەوامە.
لە ئاکامی شەڕی حەماس و ئیسرائیل سەدان هەزار کەس لە خەڵکی غەززە ئاوارە و بێ‌پەنا بوون کە تا ئێستا نە ئوردن، نەمیسر و نە هیچ وڵاتێکی تری ناوچەکە ڕەزامەندیی خۆی بۆ پەنادانی ئاوارە فەلستینییەکان دەرنەبڕیوە. لەبەر ئەوەی پێشتر خەڵکی ئاوارەی فەلەستین لە ئوردن و میسر بە پشتیوانیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و بە دروستکردنی ڕێکخراوی توندئاژۆ لە نێوخۆی ئوردن و میسر و هەروەها هێرش‌بردن بۆ سەر خاک و خەڵکی ئیسرائیل ببوونە هۆی ئاژاوە و دروست‌بوونی گرژی لە نێوان پێوەندییەکانی ئەم وڵاتانە لەگەڵ ئیسرائیلدا. ئێستا چیدی ئوردن و میسر ئامادە نین تاکوو پێوەندییەکانیان بکەنە قوربانیی پشتیوانی و پەنادانی فەلەستینییەکان. لە لایەکی ترەوە تورکیە ئەم دۆخەی (شەڕی حەماس و ئیسرائیلی) بە دەرفەت زانیوە و پەنامەکی و لەسۆنگەی کۆبوونەوەی سەرنجەکان لەسەر شەڕی غەززە هێرشی کردووەتە سەر ڕۆژاوای کوردستان و بەداخەوە تاکوو ئێستا جیا کوشتنی دەیان کەس زەبری زۆر قورسی لە ژێرخانی ئابووریی ئەم بەشەی کوردستان داوە. بێدەنگی و بێ‌هەڵویستی کۆمەڵگەی جیهان وای کردووە کە تورکیە جیا لە کاولکاری بیەوێ ئەم بەشە لە کوردستان هێدی هێدی داگیر بکات.
بەڵام هەڕەشەی سەرەکی ئەمەیە ئەردوغان دەیهەوێ ئاوارەکانی غەززە لەنێوان باکوور و ڕۆژاوای کوردستاندا جێگیر بکات! ئەویش بەڵنیاییەوە نە بۆ ماوەیەکی کورت بەڵکوو بەهۆی دۆخی ناجێگیری فەلەستین مەترسییەکە ئەمەیە ئەم خەڵکە ئاوارەیە بۆ هەمیشە لەو ناوچانە بمێننەوە و بەمجۆرە و بەکردەوە خاک و خەڵکی کوردستان لێک داببڕێنن. بەپێی ناسراوییەک کە لە خەڵکی فەلەستین و بەتایبەتی حەماس و بیروبۆچوونەکانیان و ڕوانگەیان هەمانە، ئەگەری نیشتەجێکردنی ئەم ئاوارانە کاریگەری زۆر نەرێنییان لەسەر چارەنووس و نەخشەی سیاسی و جوغرافیایی کوردستان دەبێت.