کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ پارلەمانتارێکی ئوتریش دیداری کرد

11:07 - 4 سەرماوەز 2726

ڕۆژی سێشەممە ٣ی سەرماوەزی ١٤٠٥، محەممەد فەقێ عەلی بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئوتریش سەردانی پارلەمانتار پاول شتیشی کرد و بۆ ماوی کاتژمێرێک بە یەکەوە ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.
بەشی پەیوەندیەکان پێشتر ڕاپۆرتی مانگی سێپتامبر و ئۆکتۆبری پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و هەروەها پرۆژەیەکی بۆ زیاتر و بە بەرنامەتر کارکردن، بۆ پاول شتیش ناردبوو.
جگە لەو دوو خاڵەی باس کرا، باسێکی ئێستای ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی کرا کە نوێنەری حیزب لەم بەشەدا دووبارە ئاماژەی بە ڕاپۆرتی پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ کردەوە. ناوبراو باسی لەوە کرد، کە مافی مرۆڤ لە وڵاتی ئێران لە ئێستادا، هیچ حیسابێکی بۆ ناکرێت، چونکە گەلانی ئێران ئەسیری دەستی ئەو ڕێژیمەن، لەکاتێکدا سەران و دەستڕۆیشتووکانی ڕێژیم زۆر باش دەژین، بەداخەوە لە ئێران خەڵکی دیکە بۆ پەیداکردنی نانی وشکی، گیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.
لە درێژەی باسەکاندا، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی حیزب باسی لەوە کرد کە ئەو ڕێژیمە ناتوانی لە ئێستادا بە هیچ شێوەیەک ویست و داخوازییەکانی گەلانی ئێران دابین بکات و خۆی گەورەترین مەترسی بۆ سەر گیانی هاوڵاتییانی ئێرانە. ئەگەر ئێستا لەسەر شەقامەکان خەڵک دەتوانن بێ حیجابی ئیسلامی بگەڕێن، هۆکارەکەی دابەزینی توانای نیزامیی ڕێژیم و پێویستیی بە هێزەکانی لە شوێنەکانی تر جگە لە شەقامەکانە.

محەممەد فەقێ عەلی لە کۆتاییدا بۆ زیاتر و باشتر پێکەوە کارکردن چەند پێشنیارێکی خستە بەردەم پاول شتیش و پارلەمانتارانی پارلەمانی ئوتریش.
پاول شتیش وێڕای دەسخۆشی، سەردانەکەی بە ئەرێنی وەسف کرد و وتی: لە ئێستادا، کە ئێران هەموو پەیوەندییەکانی ڕوو بە دەرەوە داخراون و ئێمە تەنیا لە ڕێگای میدیاکانەوە ئاگاداری کارەکانین، پیویستە کە دانیشتن و دیدارەکان لەگەڵ ئەو هێز و لایەنانە زیاتر بکەین کە بۆ دێموکراسی و مافی مرۆڤ و بەیەکەوە ژیانێکی ئاشتییانە هەوڵ دەدەن.

ناوبراو پشتیوانیی خۆی لە خاڵە پێشنیارکراوەکان دەربڕی و بەڵینی هاوکاریی تەواوی دا.