یێسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕۆژی سێشەممە ٣ی سەرماوەز ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامی سەرقاڵی پەرەپێدانی چەکی شیمیاییە و ئەمریکا و ئیسرائیل ئاگاداری ئەم چالاکییانەن و لەوبارەوە هۆشداریی توندی دا.
ئەم لێدوانانە لە درێژەی هۆشدارییەکانی بەرپرسانی ئیسرائیلی و ئەمریکایی سەبارەت بە بەرنامەکانی چەکی شیمیایی و بایۆلۆژیی تاران و ڕاپۆرتەکان لەبارەی ئەگەری بەکارهێنانی ئەم چەکانە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە خراونەتە ڕوو.
کاتس جەختی کردەوە ئیسرائیل ڕێگە نادات کۆماری ئیسلامی بەم جۆرە توانایە بگات.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاند شانەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە خاکی ئەمریکادا بۆ هێرشکردنە سەر بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە چالاکی دەکەن و دۆناڵد ترامپ، خێزانەکەی لە مەترسیدان.
لە هەمان کاتدا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی واشنگتۆن بە دروستکردنی بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەرکی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی شیمیایی، بەئەنقەست ئاشتی و ئاسایشی جیهانی دەخاتە مەترسییەوە.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ئاکسیوس، ڕۆمەن گۆفمەن، سەرۆکی مووساد، لە سەردانەکەی ئەم دواییەیدا بۆ ئەمریکا زانیاریی سەبارەت بە پەرەپێدانی چەکی شیمیایی کۆماری ئیسلامی، لەوانە چالاکییەکانی توێژینەوە و تاقیکردنەوەکان لەم بوارەدا، خستووەتە بەردەستی بەرپرسانی ئەمریکایی.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا خراونەتە ڕوو کە ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر ڕایگەیاندبوو لە وڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی شیمیایی و بایۆلۆژی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، وتی تاران بەهۆی سەختتربوونی دەستپڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی، ڕووی لە گازە شیمیاییەکان و چەکی بایۆلۆژی کردووە.
ترامپ هەروەها لە کاردانەوە بە ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە پلانی ئەگەریی کۆماری ئیسلامی بۆ بۆمبڕێژکردن لە واشنگتۆن، هۆشداریی دا کە لە ئەگەری ڕوودانی هێرشێکی لەو شێوەیە حکوومەتی ئێران لەناو دەبات.