کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنستیتۆی لێکۆڵینەوەی شەڕ: سپای پاسداران خەریکی پەرەپێدانی جۆرە نوێیەکانی مووشەکی بالستیکە

11:08 - 4 سەرماوەز 2726

بەردەوامیی هەوڵە سەربازییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ پەرەپێدانی توانا مووشەکییەکانی و پێداگری لەسەر پەرەدانی قەیرانە ئەمنییەتییەکان لە ناوچەکەدا، جارێکی دیکە بووەتە جێگای سەرنجی ناوەندە شیکاری و هەواڵگرییە نێودەوڵەتییەکان.

لەم چوارچێوەیەدا "ئەنستیتۆی لێکۆڵینەوەی شەڕ" ڕایگەیاندووە کە تاران سەرقاڵی دروستکردنی جۆری نوێی مووشەکی بالستیکە بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئەگەری بەرپەرچدانەوەیان لەلایەن سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی و بەرزکردنەوەی وردبینیی پێکانی ئامانجەکان.

ئەم ئەنستیتۆیە کە ناوەندێکی توێژینەوەیی سەربەخۆیە و بنکەکەی لە واشنگتۆنە، لە هەڵسەنگاندنێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە سپای پاسداران جۆرە تێکەڵاوە نوێیەکانی مووشەکی بالیستیکی پەرە پێ داوە کە تێیدا سوود لە تێکنۆلۆژی بەکارهێنراو لە مووشەکەکانی "حاج قاسم"، "خەیبەرشکێن"، "خەیبەرشکێن دوو" و "فەتاح یەک" وەرگیراوە.

هەرچەندە ڕێژیمی ئێران لە بانەمەڕی ١٤٠٤دا پەردەی لەسەر مووشەکێک بە ناوی "قاسم بەسیر" لادا، بەڵام میدیاکانی سەر بە دەسەڵات، جۆرە تێکەڵاوە نوێیەکانیان بە جیاواز لەم مووشەکە پێناسە کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، ئەنستیتۆی لێکۆڵینەوەی شەڕ و "پڕۆژەی هەڕەشە قەیراناوییەکان" کە سەر بە ئەنستیتۆی "ئەمریکەن ئینتێرپرایز"ە، ڕایانگەیاندووە ناتوانن پشتڕاستی بکەنەوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئەم مووشەکە نوێیانەی لە هێرش بۆ سەر پێگە ناوچەییەکانی ئەمریکا بەکار هێناوە یان تەنیا تاقیی کردوونەتەوە.

پەرەپێدانی مووشەکە بالستیکە نوێیەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران درێژەی سیاسەتی شەڕخوازانە و قەیرانسازانەی ڕێژیمی ئێرانە؛ ڕێژیمێک کە لەجیاتی چارەسەرکردنی قەیرانە بژێوی و نێوخۆییەکان، سەرچاوەکان بۆ پەرەدان بە گرژی و ناسەقامگیریی ناوچەکە تەرخان دەکات.