کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباردا ٢٨١ منداڵ کوژراون

11:05 - 4 سەرماوەز 2726

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران هەواڵی کوژرانی لانیکەم ٢٨١ منداڵی لە ڕەوتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباردا بڵاو کردەوە و سەبارەت بە توندبوونەوەی پێشێلکردنی مافی ژیانی منداڵان لە ئێراندا هۆشداریی دا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوە کە ڕۆژی سێشەممە ٣ی سەرماوەز بڵاو کرایەوە، ٢٥ کەس لە قوربانییەکان تەمەنیان لە خوار ١٤ ساڵ و چوار کەسیشیان لە خوار پێنج ساڵ بووە. کەم تەمەنترین قوربانیی ناسێنراو کۆرپەیەکی چوار مانگ و نیو بووە.

ئەم ڕێکخراوە ڕایگەیاندووە کە کوژرانی منداڵان لە لانیکەم ٢٧ پارێزگای ئێران تۆمار کراوە و ڕەنگە ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییەکان زیاتریش بێت. بەشێک لەم منداڵانە خۆپیشاندەر نەبوون و تەنها بە ڕێکەوت لە شوێنی سەرکوتکردنەکاندا بوون.

هاوکات، کۆماری ئیسلامی هێشتا لە دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ئەو کەسانەی کە لە کاتی ئەنجامدانی ئەو تاوانەی دراوەتە پاڵیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵ بووە، بەردەوامە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران هەواڵی تۆمارکردنی لانیکەم ٨٩ حاڵەتی لەسێدارەدانی ئەم کەسانەی لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە تا ئێستا ڕاگەیاندووە و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی لەسێدارەدانەکان و هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانەی کردووە کە دژیان دەرکراون.