سۆران سەحراگەرد، خەڵکی مەریوان و وریا ئیبراهیمی، خەڵکی سنە، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کران.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری"، ڕۆژی سێشەممە ٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری مەریوان، هەڵیانکوتاوەتە سەر دووکانی هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارە بە ناوی سۆران سەحراگەرد و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و هەروەها بە شێوەی دڕندانە دەسبەسەریان کردووە.
هەروەها ڕۆژێک پێشتری واتە ڕۆژی دووشەممە ١ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، وریا ئیبراهیمی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی ڕامین فاتێحی، یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە گۆڕستانی بەهەشتی محەممەدیی ئەو شارە، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و بە شێوەی توندوتیژانە دەسبەسەر کراوە.
جێی ئاماژەیە کە سەرەڕای بەدواداچوونی وردی بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییە، تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی ناوبراوان لەبەر دەستدا نییە، هەروەها ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیش لە سنە و مەریوان لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکانی سەحراگەرد و ئیبراهیمی نەداوەتەوە.