کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیانلەدەستدانی دوو کرێکاری خەڵکی پیرانشار و بانە بەهۆی نەبوونی ئەمنیەتی کار لە شوێنی کارەکانیان

09:34 - 4 خەزەڵوەر 2723

دوو کرێکاری بیناسازی بە ناوەکانی خەلیل ئاتەشفەراز، خەڵکی شاری پیرانشار و جەماڵ مەولوودی خەڵکی شاری بانە و ئەندامی سەندیکای کرێکارانی بیناسازیی ئەو شارە، بەهۆی نەبوونی ئەمنییەتی کاری لە شوێنی کارەکانیان و ڕووداوی کار، گیانیان لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، ڕۆژی سێشەممە ٢ی خەزەڵوەر، خەلیل ئاتەشفەراز، کرێکاری خەڵکی شاری پیرانشار، لە نهۆمی سێیەمی باڵەخانەیەکی نیوەکارە کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەست دا.

هەروەها ڕۆژێک پێشتریشی، واتە ڕۆژی دووشەممە ١ی خەزەڵوەر، کرێکاری دیکە بە ناوی جەماڵ مەولوودی و خەڵکی شاری بانە، دوای ئەوەی یەک مانگ لەژێر چاودێریی پزیشکی لە نەخۆشخانەیەکی شاری تەورێز بووە، گیانی لەدەست داوە. ئەم کرێکارە پێشتر لە کاتی کارکردن بە سانابەری (بالابر) کەرەستەی بیناسازی تووشی ڕووداوێکی نەخوازراو ببوو و بەسەختی بریندار ببوو.

شایانی باسە کە زۆرترین ڕێژەی ڕووداوی کار و گیانلەدەستدان بەهۆی ڕووداوگەلی کار لە ئێراندا لەنێو کرێکارانی بیناسازییە کە لەو نێوانەشدا کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی و لەسەر داربەند یان بەهۆی پێکەوتنی کەرەستەی ڕەق، زۆرترین قوربانیی لەنێو ئەو کرێکارانەدا لێکەوتووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە نەبوونی سەندیکا و ڕێکخراوە سەربەخۆکان و هەروەها نەبوونی یاسایەکی ڕێکوپێکی گونجاو کە هەموو خاوەن کارەکان پابەندی بن و ڕەچاوکردنی ئەمنییەتی کار و تەندروستیی کارێکاران لە بەرچاو بگیردرێت، گرینگترین هۆکارگەلی هاتنەئارای ئەم بارودۆخەن.