کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای بەناو دادی ڕێژیمی ئێران، سزای بەندکردنی بەسەر دوو مامۆستای زمانی کوردیدا سەپاند

09:58 - 6 خەزەڵوەر 2723

ئیدریس مینبەری و سروە پوورمحەممەدی، دوو مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی سنە، لەلایەن دەزگای بەناو دادی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، هەر یەکەو سزای ١٠ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری"، ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئیدریس مینبەری و سروە پوورمحەممەدی، دوو چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین"ی سنە، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لەو شارە بە سەرۆکایەتیی "کەرەمی"، هەر یەکەو سزای ١٠ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.

ئیدریس مینبەری، پێشتر لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای تاوانەکانی ڕێژیم لە سنە بە سەرۆکایەتیی "بەهمەن ئومیدزادە" بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی، سزای ساڵێک بەندکردن و دوورخستنەوەی بۆ بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان و هەروەها ٤٠ زەربە  قامچیی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەروەها سروە پوورمحەممەدی، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، دوای سەردانکردنی بۆ دادگای ڕێژیم لە سنە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆسییەی ئەندامە دەسبەسەرکراوەکانی نۆژین، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە هەر لەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کرابوو.