کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات: مەرگی ئارمیتا بەڵگەی زیندووی مناڵکوژی و بەردەوامیی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامییە

14:46 - 6 خەزەڵوەر 2723

خەڵکی مافخوازی کوردستان و ئێران!

وڵاتان و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ!

مخابن ئارمیتا گەڕاوەند، کیژۆڵەی تازەلاوی کوردی خەڵکی کرماشان کە مانگی ڕابردوو بەهۆی زەبروزەنگ و توندوتیژییەکانی هێزەکانی گەشتی ئیڕشادی کۆماری ئیسلامییەوە لەهۆش چووبوو، پاش ٢٨ ڕۆژ مانەوە لە کۆمادا دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.

ئاڕمیتا گەڕاوەند قوربانییەکی دیکەی دەستی جینایەتی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتی مرۆڤکوژی و مناڵکوژیی ئەو ڕێژیمەیە کە بە چارەنووسی ژینا ئەمینی و سەدان و هەزاران لاوی دیکەی ئەم وڵاتە چوو، و مەرگی بوو بە بەڵگەیەکی دیی مافویستی و خەباتکاری لەدژی کۆنەپەرستی و سیاسەتی دژەمرۆیی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

ئاڕمیتا ڕۆژی ٩ی ڕەزبەر لە وێستگەی مێترۆی شوهەدای تاران کەوتە بەر پەلاماری مەئموورێکی هێزە ئینتیزامییەکان کە بە "حیجاب‌بان" دەناسرێن، دواتر ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە نەخۆشخانەی نیزامیی فەجری تاران خەواندیان و بە سەپاندنی دۆخی ئەمنیەتیی هەستیار ڕێگەیان لە بڵاوبوونەوەی هەرچەشنە هەواڵ و زانیارییەک لەسەر دۆخی ناوبراو گرت. ناوەندە ئەمنیەتییەکان هەروەها بە خستنەژێر گوشاری بنەماڵەی ئارمیتا کە دواتر دەسبەسەرکرانی دایکی ئارمیتاشی بەدوودا هات، لە یەک مانگی ڕابردوودا بەبەردەوامی هەوڵیان داوە گێڕانەوەیەکی دروستکراو و پێچەوانەی ڕاستییەکان دەرخواردی بیروڕای گشتیی ئێران و جیهان بدەن و بەمجۆرە چەندی بۆیان دەکرێ ئەو جیناتەشیان پووش‌بەسەر بکەن. ئێستاش دوای ئەستاندنی گیانی ئارمیتا دەستیان بەسەر تەرمەکەی داگرتوە و بنەماڵەکەیان خستووەتە ژێر گوشارەوە و ڕێگە نادەن لە کرماشانی زێدیان بە خاکی بسپێردرێ و، هەڕەشەیان ئەوەشیان لێ کردوون کە نابێ لەگەڵ مێدیاکان قسە بکەن و زانیاریی دروست لەو ڕووداوە لە زمان ئەوانەوە بڵاو بێتەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی ئاڕمیتا گەڕاوەند جینایەتی نوێی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە خەڵکی کوردستان و ئێران مەحکووم دەکا. هاوکات لەگەڵ ئەوەی دڵنیایە کۆمەڵگەی مافخوازی کوردستان جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی بێ‌وەڵام ناهێڵنەوە، داوا لە وڵاتان و کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ دەکا چاو و سەرنجیان لەسەر ئێران و جینایەت و سیاسەتە دژەمرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی کۆ بکەنەوە. هەروەها بە گوشار خستنەسەر ڕێژیم ناچار بە درکاندنی ڕاستییەکان و وەرگرتنی بەرپرسایەتیی تاوانەکانی بکەن.

حیزبی دێموکرات باوەڕی وایە هەتا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەسەر تەختی خونکاری بێ مناڵکوژی و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی هەر درێژەیان دەبێت و هاوکات توندوتیژی و بەردەوامیی تاوان و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش خەڵکی مافخوازی کوردستان و ئێران لە خەبات بۆ مافەکانیان و ڕووخاندنی ئەو ڕێژیمە ستەمکارە سارد ناکەنەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەری

٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٢