کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەکردنی ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیم لە حەسەن دەرئۆفتادە لە بەرەبەرەی ساڵیادی شەهیدکرانی کوڕەکەی

11:02 - 8 خەزەڵوەر 2723

حەسەن دەرئۆفتادە، باوکی کۆمار دەرئۆفتادە مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ کە لە شۆڕشی ژینا بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم لە پیرانشار شەهید کرا، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بانگ کرا. 

 
بەپێێ ڕاپۆڕتی ناوەندەکانی مافی مرۆیی لە کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خەزەڵوەر، حەسەن دەرئۆفتادە، باوکی کۆمار دەرئۆفتادە مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ کە لە شۆڕشی ژینا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم لە پیرانشار شەهید کرا، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم بانگ کرا و سەبارەت بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسم بۆ ساڵیادی کوژرانی منداڵەکەی هەڕەشەی لێ کرا و بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لێپرسینەوەی لەگەل کراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بە حەسەن دەرئۆفتادە هۆشداری دراوە کە هیچ چەشنە باسێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە نزیکی ساڵیادی کۆمار بڵاو نەکاتەوە. هەروەها ناوبراو سەبارەت بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵیادی کوژرانی کۆمار هەڕەشەی لێ کراوە.

پێشتر واتە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ، هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی لە دایکبوونی کۆمار دەرئۆفتادە ، ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە لە ڕێگەی گۆڕستانی گوندی "زێوکە"، شوێنی گڵکۆی کۆمار دەسبەسەرکران.

هەروەها باوکی کۆمار ڕۆژی شەممە ٢١ی گەلاوێژیش لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە بانگ کرابوو. ئەو باوکە دادخوازە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا چەند جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کراوە و هەڕەشەی لێ کراوە.