کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوشتنی ئارمیتا و ترسی ڕێژیم لە هێزی خەڵک

11:25 - 8 خەزەڵوەر 2723

سمایل شەرەفی

وەک باس دەکرێ کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئەزموون لە چۆنیەتیی بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوشتنی ژینا ئەمینی بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی و لێکەوتە و هەزینەکانی ئەم ڕووداوە بۆ ڕێژیم، بە جۆرێک هەوڵی مودیریەتکردنی چۆنیەتیی بڵاوکردنەوەی هەواڵی کوشتنی ئارمیتا گراوەند و ناشتنەکەی داوە. هەر لە نیشاندانی ویدیۆکانی نێو مێترۆکەوە بگرە تا دیاریکردنی نەخۆشخانەیەکی سەربازی و خستنەژێرفشاری بنەماڵە و هاوڕێکانی ئارمیتا بۆ قسەکردن لە چۆنیەتیی ڕووداوەکە و لە کۆتایی‌دا دوای نزیک بە یەک مانگ ڕاگەیاندنی هەواڵی مەرگی ناوبراو و ناشتنی تەرمەکەی لە "بهشت زهرا" لە تاران و ڕێگریکردن لە ناردنەوەی تەرمی ئارمیتا بۆ زێدەکەی، کرماشان.

ئەوەی کارناسان و شارەزایان لەسەر جۆری چنین و بڵاوکردنەوەی ویدیۆکانی تایبەت بە ڕەوتی هاتن و چوونی ئارمیتا لە مێترۆکە باسی لێوە دەکەن، پرسیاری زۆری لەسەرە و هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە ئارمیتا دەستی لێوەشێنراوە و ئەوەی کاربەدەستانی ڕێژیم لەسەر تێکچوونی باری دەروونیی ناوبراوی باس دەکەن دوورە لە ڕاستی. گومانەکە لەوەڕا زیاتر خۆی دەردەخات کە تەرمی نیوەگیانی ئارمیتا دەستبەجێ بۆ "نەخۆشخانەی فەجر" دەگوازرێتەوە کە تایبەتە بە ئەرتەش و هاتوچۆ بەتەواوەتی تیایدا قەدەغەیە. هەر لە ڕۆژی یەکەمی ڕووداوەکەوە هەڕەشە دەخرێتە سەر بنەماڵە و هاوڕێکانی و پێیان دیکتە دەکرێ کە وەک یەک، یەک قسە بکەن؛ "ئارمیتا لەناکاو باری دەروونی تێکدەچێ و هیچ مەئموورێکی ئەمنییەتی لە شوێنی ڕووداوەکە نەبووە و دەستبەجێ پێڕاگەیشتنی پزیشکی کراوە و لەژێر چاوەدێریی چڕی دوکتورەکان‌دایە و تا ئێستا بێ‌هۆشە"!!.

لە ماوەی ئەو نزیک بە یەک مانگەدا کە گوایا ئارمیتا لە کۆمادا بووە جیا لە هێندێک هەواڵی ناڕاستی مودیرییەتکراو، ئیزنی چاوپێکەوتن و بڵاوکردنەوەی هەواڵی دروستی لەسەر نەدرا. فشارەکان بۆسەر دایک و باوکی ئارمیتا زیاتر بوو و دەستبەسەر کران و هەڕەشەیان لێکرا. هێشتا بە ڕەسمی هەواڵی مەرگی ئارمیتا بڵاو نەکرابۆوە کە کاناڵ و پەیجەکانی نزیک بە ڕێژیم بە پێخۆر و تەواو مودیرییەتکراو، هەواڵی ئەوەیان بڵاو کردەوە کە لەوانەیە تەرمی ئارمیتا لە "بهشت زهرا" بنێژرێ و لەگەڵ ناردنەوەی تەرمەکەی بۆ کرماشان دژایەتی کراوە!!. لە کۆتایی‌دا کە دوای نزیک بە مانگێک و ئەمجارەیان بە ڕەسمی هەواڵی کۆچی ئارمیتایان بڵاو کردەوە، ڕێگری لە بردنەوەی تەرمەکە بۆ کرماشان کرا و لە فەزایەکی تەواو ئەمنییەتی و کۆنتڕۆڵکراودا تەرمی ئارمیتای جوانەمەرگ لە "بهشت زهرا"ی تاران تەسلیم بەخاک کرا.

ئەوەی ژوور و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاگاداریی ڕاستەوخۆی زۆر سەرەوەتر لە خۆیان لە پێوەندی لەگەڵ کوشتنی ئارمیتادا کردیان، جیا لە بێ‌ڕێزی بە بنەماڵە و کەسوکاری ئارمیتا و خەڵکی ئێران بەگشتی، نیشانەی ترسێکی گەورە بوو لە ژیلەمۆی ناڕەزایەتیی خەڵک و گەلانی ئێران کە لە ئەگەری گەشانەوەی بە هەر ڕووداوێک، تەخت و بەختی کۆماری ئیسلامی لە تەواوییەتی خۆیدا تێکەوە دەپێچێ. کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مودیرییەتکردنی مەسەلەی کوشتنی ئارمیتا و پێشگرتن لە بردنەوەی تەرمی ناوبراو بۆ کرماشان، نیشانی ‌دا کە چەندە لە کوردستان و ئیرادەی ڕاپەڕیوەی خەڵکی ئەم دیار و نیشتمانە زوڵملێکراوە دەترسێ.

ئەوان بە هەموو شێوەیەک ویستیان پێش بە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی مەرگی ژینا ئەمینی بگرن کە بەدوای خۆی‌دا شوڕشێکی جەماوەریی گەورەی سەرانسەریی لێ ‌درووست بوو. ترس لە دووبارەبوونەوەی ئەم ڕووداوە و ترس لە ئیرادەی ڕاپەڕیوەی خەڵکی کوردستان و سەرجەم گەلانی ئێران، ڕێژیمی ناچار کرد کە مودیرییەتی چۆنیەتیی بڵاوکردنەوەی هەواڵی کوشتنی ئارمیتا بکەن و بەخەیاڵی خۆیان فوو لە ژیلەمۆی ڕق و بێزاریی خەڵک نەکەن. بەڵام هەر لەو دەرفەتە کەمەش‌دا کە لەسەر گۆڕی ئارمیتا بۆ بەشداران هاتە ئاراوە، ئەو پەیامە بە کۆماری ئیسلامی درا کە ناڕەزایەتییەکان هەروا لەجێی خۆیانن و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم نیزامە منداڵکۆژ و دیکتاتۆرە هەر لەئارادایە .

ترسی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلانی ئێران و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک ئەوەندە گەورە و جیددی بۆتەوە کە چووکەترین ڕەخنە و پرسیارکردن لەسەر ڕەفتارێکی دژەئینسانیی خۆی پێ تەحەمول ناکرێ. لە بڵاوبوونەوەی پۆستێک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان تۆقیوە و هەر لەو چەند ڕۆژەدا بە دەیان کەسیان بە تاوانی پرسیارکردن و ناڕەزایەتیدەربڕین لە شێوەی قەتڵی ئارمیتا ڕاپێچی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کردووە، لە خاتوو نەسرین ستوودە لە تارانەوە بگرە تا کەسوکاری ئارمیتا لە پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان.

کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاستی بۆ چووە؛ وەک چۆن دەترسێ، دەبێ بترسێ لەو ناڕەزایەتییە قووڵ و بەربەرینەی کە لەنێو گشت کۆمەڵگەی ئێران و نەتەوەکانی ئێران‌دا هەیە، دەبێ بترسێ لەو بزووتنەوەی بەرین و جەماوەرییە مافخوازانەیەی کە بڕیاری داوە چیدیکە کۆماری ئیسلامی ناتوانێ ئیرادەی دیکتاتۆرانەی خۆی بەسەردیدا بسەپێنێ، دەبێ بترسێ لەو نەسڵە خوێندەوار و لاوەی کە بەدەر لە فەلسەفە کۆن و سواوەکەی کۆماری ئیسلامی و ئیدئۆلۆژییە داخراو و وڵامنەدەرەکەی، بیر لە شێوازێکی دیکە لە ژیان و ئازادی دەکاتەوە، دەبێ بترسێ لە ئیرادەی قایمی خەڵکی کوردستان و نەتەوەکانی دیکەی ئەم وڵاتە کە لانیکەم لە یەکساڵی ڕابردوودا تەواوی پیلان و هەوڵە دەیان ساڵەییەکانی ئەم ڕێژیمەیان لەسەر ناکۆکینانەوە و تۆمەتی ناڕەوا لە خەڵک و نەتەوەکان، کردە بڵقی سەرئاو. کۆماری ئیسلامیی ئێران نابێ بێترس لە خەڵکی وڵات پاڵی لێ بداتەوە و درێژە بە جینایەتەکانی بدات!