کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی کۆبوونەوەی ناڕزایەتیی کرێکاران و خانەنشینان لە چەندین شاری ئێران

11:50 - 8 خەزەڵوەر 2723

لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە سێنفییەکانی کرێکاران و خانەنشینەکان، ڕۆژی یەکشەممە ٨ خەزەڵوەر، وەک حەوتووەکانیی ڕابردوو، خانەنشینان و کرێکاران لە ئەهواز، شوش، ئەراک، کرماشان، تاران و ئیسفەهان بەهۆی خراپی بارودۆخی ژیان و چارەسەرنەکردنی داواکارییەکانیانەوە کۆبوونەوەی ناڕزایەتییان بەڕێوە برد.

بەپێی ڕاپۆرتی یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران، لە شاری ئەهواز، خانەنشینانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خۆیاندا دروشمی وەک "بەڵێنی درۆ بەسە، سفرەکانمان بەتاڵە"، "هەڵاوسان و گرانی، ژیانی خەڵک کارەساتە"، "حوسێن حوسێن دروشمی ئەوانە، درۆ و دزین کاریانە" وتەوە.

هەروەها خانەنشینانی پۆڵاسازی ئەهواز و تاران و ئیسفەهان لە بەردەم سندوقی خانەنشینی پیشەسازی پۆڵای ئەو شارانە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان دەست بەڕێوە برد و دروشمی ناڕەزایەتییان بەرزکردەوە.

لە شوش، ناڕازییان لەکاتی هەڵگرتنی دەستنووسە ناڕەزایەتییەکان بە دروشمی "شەرمەزاریە ئەم ژیانە، ئێمە لەژێر باری زوڵم و ستەمدا ناژین" لەبەردەم فەرمانداریی ڕێژیم لەم شارە بە کۆبوونەوەی ناڕزایەتی داوای مافەکانیان کرد.

لە کرماشان خانەنشینانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە بەردەم بینای دابینکردنی کۆمەڵایەتی ئەو شارە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان ساز کرد و دەنگیان بە دروشمی "تا مافی خۆمان بەدەست نەهێنین دانانیشن" بەرز کردەوە.

هاوکات، ژمارەیەک کەمئەندام بەرامبەر بە جێبەجێ‌نەکردنی مادەی ٢٧ی یاسای کەمئەندامان، لە بەردەم ڕێکخراوی بەرنامە و بودجە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

بەپێی ڕاپۆرتی یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران، لابردنی تەواوەتی سەرووی مووچە، لابردنی سنووری تەمەنی خانەنشینی، گەڕاندنەوەی لێبڕینی باجی زیادە و جێبەجێکردنی تەواوی مادەی ١٠، سەرەڕای توانا و دەسەڵاتە یاساییەکانی وەک زیادکردنی ڕێژەی هەڵسەنگاندن، داواکاری سەرەکی ناڕزایەتیەکان بوون.

ناڕەزایەتی و مانگرتنی هەموو چین و توووێژەکان لە ئێران هەروا بەردەوامە و لە نێویاندا خانەنشینانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، موخابەرات و مامۆستایان و کرێکاران حەوتووانە ناڕەزایەتی و مانگرتن لە شارە جیاوازەکان بەڕێوە دەبەن.