کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی ئارمیتا گەڕاوەند دەیان کەس دەسبەسەر کران

12:26 - 8 خەزەڵوەر 2723

تەرمی ئارمیتا گەڕاوەند لە دۆخێکی تەواو ئەمنییەتیدا لە گۆڕستانی "بەهەشت زارا"ی تاران ئەسپەردە کرا و لەو ڕێوڕەسمەدا بە دەیان کەس لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بوونەتەوە، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خەزەڵوەر، سەرەڕای میلیتاریزەکردنی گۆڕستانی بەهەشتی زارا، خەڵکێکی زۆر خۆیان گەیاندە گۆڕستانەکە و هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم ئامادە نەبوون تەرمی ئارمیتا ڕادەستی بنەماڵەکەی بکەن، هەر بەو بۆنەوە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی وە درەنگ کەوت.

هەروەها هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ ڕێگرییکردن لە خەڵک دەورووبەری گۆڕی ئارمیتایان پەرژین کێشابوو.

ڕێوڕەسمەکە کاژمێر ١١ بەڕێوە چوو، چەند ژنێک کە وێنەی ژینا ئەمینی و نیکا شاکەرەمییان بە دەستەوە بوو و لەگەڵ چەند کەسی دیکە، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران کە نەسرین ستوودە پارێزەری دادگا یەک لە دەسبەسەرکراوەکانە.

هەروەها "مەنزەر زەرابی"، دایکی "سەهەند سادقی"، کووژراوەی نێو فڕۆکەی ئوکڕاینی کە بەدەستی سپای تێرۆریستی پاسداران کرایە ئامانج، یەکی تر لە دەسبەسەرکراوەکانە.

بە پێی ئەم زانیاریانە نزیکەی ٢٠ کەس دوێنێ لەو ڕێوڕەسمەدا دەسبەسەر کراون.

لە پاش چوونە کۆمای ئارمیتا، ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی دامودەزاگا ئەمنییەتی و میدیاکانیوە هەوڵێکی زۆری دا کە ڕای گشتی بەرەو ئەوە ببات کە لەهۆشچوونی ئارمیتا هیچ پێوەندی بە مەئمورانی حیجاب‌بان نییە، بەڵام دوینێ دەرکەوت کە هەمووی ئەو هەوڵانە بێ کەڵک بوونە.

ئارمیتا گەڕاوەند، قوتابی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران، لە ڕێگەی چوون بۆ قوتابخانە لە مێترۆی تاران، بەهۆی لێدانی مەئمورانی حیجاب‌بان لەهۆش چوو و پاش ٢٨ ڕۆژ لە بەشی "ئای سی یوو"یی نەخۆشخانەی "فەجر" لە تاران گیانی لەدەست دا.