کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆرای سێنفی مامۆستایان: ئارمیتا وەک ژینا ئەمینی قوربانی حیجابی زۆرەملێ بوو

12:17 - 9 خەزەڵوەر 2723

شۆرای سێنفی مامۆستایان لە ئێران سەبارەت بە کوشتنی ئارمیتا گڕاوەند، هۆشداریی بە مامۆستایان دا کە لە پێناو ناچارکردنی حیجابی زۆرەملێ هاوکار نەبن لەگەڵ سیاسەتە فەرهەنگییەکانی ڕێژیم.

شۆرای سێنفی مامۆستایان لە ئێران، ڕۆژی دووشەممە ٨ خەزەلوەر، بە بڵاوکردنەوەی بیاننامەیەک لە کەناڵی تلێگرامی خۆیدا کوشتنی ئارمیتا گراوندی ئیدانە کرد و نووسی لە کاتێکدا کە خەڵکی ئێران هێشتا لە خەمی لەدەستدانی کوڕ و کچە لاوەکانیان لە شۆڕشی ''ژن، ژیان، ئازادی'' دان، کچێکی تەمەن ١٧ سال چارەنووسی بە دەستی ڕێژیم وەک ژینا ئەمینی لێهات.

لە تارانی پایتەختی ئێران ئارمیتا گراوەند ئەو کچە کوردە کرماشانیەی بە هۆی رەچاونەکردنی سەرپۆشەوە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە هێرشی کرابوو سەر و کەوتبووە دۆخی کۆماوە، دوای چەندین ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

دوای نزیکەی ٢٨ رۆژ مانەوە لە دۆخی کۆما میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، ئەو کچە کوردە گیانی لەدەستداوە.

لە کاتێکدا کە بنەماڵەی ئارمیتا گڕاوەند سووربوون لەسەر ئەوەی تەرمی کچەکەیان لە کرماشان بنێژن، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی ئێران ڕێگریان کرد و تەرمی ئارمیتا لەگەڵ دەربڕینی نارەزایەتی خەڵکی لە گۆڕستانی بەهەشتی زارای تاران بەخاک سپێردرا.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هۆکاری لەسەرخۆچوونی ئەویان دوای چونە ناو مێترۆ بە "دابەزینی زەخت" ڕاگەیاند، بەڵام سەرچاوە مافی مرۆڤییەکان ئەگەری هاوشێوە بوونی ئەم ڕووداوە لەگەڵ شێوازی هەڵسوکەوتی هێزەکانی گەشتی ئیڕشاد لەگەڵ ژینا مەهسا ئەمینی هێنابووە ئاراوە.

شایەنی باسە کە، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەم مانگانەی دوایی‌دا کۆمەڵێک هێزیان بە ناوی "حیجاب بان" لە مێترۆکانی تاران‌دا جێگیر کردبوو تا ڕووبەڕووی ژنان و کچانی دژبەری حیجابی زۆرەملێ ببنەوە.