کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک لە ڕۆژاوای كانادا دژی كۆماری ئێسلامیی ئێران بەڕێوە چوو

10:35 - 9 رەزبەر 2723

ڕۆژی شەممە ٨ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، بۆ پێشتیوانی لە شۆڕشی ژینا و بەتایبەت لە ساڵیادی هەینیی خۆێناویی زاهیدان، بە بەشداریی كورد و بەلووچ و نەتەوەكانی دیكە لە ڤانكۆڤێری كانادا خۆپیشاندانێک بەڕێوە چوو.
كۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە بەشداریی چالاکانەی خۆی، وەکوو خۆپیشاندانەکانی دیکە، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەم خۆپیشاندانە بوو.
خۆپیشاندانەکە بە شێعرێک بە زمانی بەلووچی لەلایەن خودابەخش ڕەئیسی، چالاكوانی بەلووچ، دەستی پی كرد، پاش پەیامێک بە زمانی فارسی لەلایەن زارا حوسێن، لەسەر كوردستان و بەلووچەستان خوێندرایەوە.
دواتر كەیوومەرس بەیگی لەلایەن كۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران چەند وتەیەكی لەسەر جینایەتەكانی ڕێژیم لە كوردستان و بەلووچەستان پێشكەش بە بەشداربووان كرد و وتی کە زامنی ئازادی لە داهاتووی ئێراندا ئەوەیە كە دەسەڵات لەنێوان هەموو نەتەوەكان بێ جیاوازی دابەش بێت، بۆ ئەوەیكە دووبارە دیكتاتۆری نەیتە سەر كار.
پاشان چالاكی بەلووچ، حەبیبوڵڵا سەربازی، لەلایەن "حیزبی بەلووچەستان ڕاچی تپاكی"، لەسەر دۆخی بەلووچەستان و جیاوازیدانان لەنێوان نەتەوەكانی ئێران، وتارێكی پێشكەش كرد.
خۆپیشاندانەکە بە سروود و دروشمدان دژی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران كوتایی پێ هات.