کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئارمیتا گەراوەند بەهۆی لێدانی هێزەکانی ڕێژیم بەبیانووی لەبەرچاونەگرتنی حیجابی زۆرەملێ کەوتووەتە کۆماوە

10:42 - 12 رەزبەر 2723

ئارمیتا گەراوەند، تەمەن ١٦ ساڵ بەهۆی لێدانی هێزەکانی تایبەت بە کۆنترۆڵکردنی حیجابی زۆرەملێ لە مێترۆی تاران، کەوتووەتە کۆما و لە نەخۆشخانەی "فەجر"ی تاران لەژێر کۆنترۆڵی توندی ئەمنییەتیدا خەوێندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی ڕەزبەری ١٤٠٢، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە مێترۆی "شوهەدا"ی تاران، بە بیانووی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ، هێرشیان کردووەتە سەر ئارمیتا گەراوەند، تەمەن ١٦ ساڵ، خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران و لە ئەنجامی بەرکەوتنی زەربەی توند، ناوبراو لەهۆش خۆی چووە و بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەنگاوی وتووە، کە لە ئێستادا هێزێکی زۆری ئەمنی لە نەخۆشخانەی فەجر جێگیر کراوە و ڕێگە بە هیچ چەشنە سەردانیکردنێک تەنانەت لەلایەن بنەماڵەکەشییەوە بۆ لای ئەم کچە مێرمنداڵە نادرێت. ڕۆژی ڕابردوو ئەو ڕۆژنامەنووسەی کە بۆ ئەنجامدانی ڕاپۆرتێک سەردانی ئەم نەخۆشخانەی کردبوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو. مریەم لوتفی، ڕۆژنامەنووسی دەستبەسەرکراوی ڕۆژنامەی شەرق، دوای کاتژمێرێک لە میدیایی کرانەوەی هەواڵی دەستبەسەرکرانەکەی ئازاد کرا.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی لێدان و بارودۆخی ناجێگیری ئارمیتا گەراوەند، میدیا و ڕاگەیاندنەکانی سەر بە ڕێژیم بەشێوەیەکی سیستماتیک و هاوکات، لێدانی ئەم کچە مێرمنداڵە لەلایەن هێزەکانی ڕیژیمەوە بەدرۆ دەخەنەوە و بەرپرسانی ڕێژیم بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هیچ چەشنە بەرکەوتنێکی فیزیکی ڕووی نەداوە.


هەروەها، میدیاکانی ڕێژیم، هۆکاری لەهۆشچوونی ئارمیتا گەراوەندیان بە نزمی پەستانی خوێن ڕاگەیاندووە، کە بە لەبەرچاوگرتنی نهێنیکاری، جێگیرکرانی هێزێکی زۆری ئەمنییەتی لە نەخۆشخانە و ڕێگری لە ئیزنی چاوپێکەوتن، نیگەرانیی ڕای گشتی بۆ دووبارەبوونەی سیناریۆی مردنی ژینا ئەمینی بەدواوە بووە.

لەلایەکی دیکەوە، لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا هیچ هەواڵێک لە بنەماڵەی ئەم کچە مێرمنداڵە، بەتایبەتی باوکی و دایکی بەناوەکانی بەهمەن گەراوەند و شەهین ئەحمەدی بڵاو نەبووەتەوە  کە ئەمەش دەرخەری کۆنترۆڵی توندی ئەمنییەتی و گوشار بۆ سەر ئەم بنەماڵەیە بەمەبەستی ڕێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی هەرچەشنە زانیارییەکە.