کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە سوید لەگەڵ حیزبی سوسیال- دێموکراتی ئەو وڵاتە

10:13 - 13 رەزبەر 2723

ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی ڕەزبەر، لەسەر داوای حیزبی سوسیال- دێموکراتی سوید، شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سوید کە پێک هاتبوون لە بەڕێزان "حەمید تەیمووری، موژدە عەزیزی و عەزیز سەیدنەژادیان"، سەردانی پارلمانی سویدیان کرد و لەگەڵ پارلمانتاران "کادیر کاسیرگا، لەیف نیسمێد و ئولا مولێر" کۆ بوونەوە. 
ئامانجی کۆبوونەوەکە هەڵسانگاندنی هاوکاری و کاری هاوبەشی ئەو دوو حیزبە بوو لە ماوەی ڕابردوودا و چۆنیەتیی هاوکاریکردن و کاری هاوبەش لە داهاتوودا. 
شایانی باسە هەیئەتی حیزب، باسێکی کورتی لەسەر ئەو ڕووداوانەی دوای شۆڕشی ژینا کە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە، پێشکەش کرد. هەروەها هەڕەشەکانی ئەو دواییانەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و بەتایبەتی حیزبی دێموکرات و باسێکی کورتی مێژوویی لەسەر شێوەی دابەشکردنی کوردستان و کاریگەرییە نەرێنییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی و وڵاتانی دەرەوە بە گشتی پێشکەش کرا. 
پارلمانتارانی سوسیال- دێموکراتەکان، جەختیان لەوە کردەوە کە سوسیال- دێموکراتەکان بە گرینگی دەزانن کە لەگەڵ کورد و بە تایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێوەندیی نزیک و بەردەوامیان هەبێت، هەروەها بە گرینگییەوە دەڕواننە پرسی کورد و مافی گەلی کورد بە ڕەوا دەزانن و بۆ چارەسەرکردنی هەوڵ دەدەن.
لە کۆتاییدا نوێنەرانی هەردوو حیزب لەسەر ئەوە کۆک بوون کە دەبێ پێوەندیی چڕوپڕ هەبێت بۆ ئەوەی ڕووداوە بەپەلە و گرینگەکان ڕوو بە کورد و حیزبی دێمووکرات زوو بگوازرێنەوە بۆ پارلمانتارەکان بۆ ئەوەی ببرێنە نێو پارلمان و کاریان بۆ بکرێت.