کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوید؛ سیمینارێک لەسەر ١٠٠ ساڵەی پەیمانی لۆزان لە پارلمانی سوید بەڕێوە چوو

10:25 - 13 رەزبەر 2723

ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕەزبەر، سیمینارێک لەسەر ١٠٠ ساڵەی پەیمانی لۆزان، لە یەکێک لە هۆڵەکانی پارلمانی سوید بە یارمەتی و دەستپێشخەریی سوسیال- دێموکراتەکانی سوید بەڕێوە چوو و هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لەو وڵاتە کە پێک هاتبوون لە بەڕێزان "حەمید تەیمووری، نیشتمان عەزیزی، موژدە عەزیزی، ئەمین ڕەشیدی و عەزیز سەیدنژادیان" لەو سیمینارەدا بەشدار بوون.
پێکهێنەرانی ئەم سیمینارە، پارلمانتارانی سەر بە سوسیال- دێموکراتەکان "ئولا مۆلێر"، بەرپرسی ڕایەڵەی سویدی- کوردی و "کادیر کاسیرگا" و "لەیف نیسمێد" بوون، سەرەڕای ئەمەش زۆر نوێنەری ڕێکخراوە کوردییەکان و کەسایەتییەکان بەشدار بوون.
پانێلەکە لەلایەن د. ئیدریس ئەحمەدی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات، کوردو باکسی و ئیسماعیل کامیل بەڕێوە چوو. دوکتور ئیدریس ئەحمەدی وەک نەفەری یەکەمی پانێلەکە وتارێکی پڕ لە ناوەڕۆکی لەسەر پەیمانی لۆزان و مێژووی ئەو پەیمانە باس کرد و ئاماژەی بە تایبەتمەندی و ژێئۆپۆلیتیک و جوغرافیای تایبەتی کوردستان کرد کە لەلایەن چوار داگیرکەرەوە گەمارۆ دراوە و نەبوونی ڕێگای دەریایی بۆ یارمەتیی دەرەکی، هێندەی دیکەی چارەنووسی کوردی خستووەتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.
ناوبراو هەروەها باسی لەوەش کرد کە لێکۆڵینەوەیەکی ئەوتۆ لەسەر مێژووی کورد کە کورد بۆ خۆی کردبێتی نییە، چونکە کورد خۆی ئەنستیتۆیەکی نەبووە و نەبوونی دەوڵەتی کوردیش کۆسپێکی گەورە بوو بۆ نەبوونی ئەو لێکۆڵینەوانە. 
پاشان کوردو باکسی وەک نەفەری دووەمی پاێلەکە باسێکی گشتیی لەسەر پەیمانی لۆزان و بەتایبەت ڕۆڵی نەرێنیی تورکیە لەو بوارەدا پێشکەش کرد.  
دواتر ئیسماعیل کامیل، نەفەری سێیەمی پانێلەکە، بە کورتی لەسەر پەیمانی لۆزان و نەهامەتییەکانی بۆ نەتەوەی کورد دوا و ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتانی ڕۆژاوایی پێوستە لە مافە نەتەوەییەکان کورد پشتیوانی بکەن.