کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی حیزبی دێموکرات لە كۆنفڕانسی ڕێکخراوی فریدریش ئێبەرت لە ئاڵمان

10:52 - 9 رەزبەر 2723

بەشی پێوەندییەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، بەشداریی لە كۆنفڕانسی ڕێکخراوی فریدریش ئێبەرت سەر بە حیزبی سۆسیال دێمۆکراتی ئاڵمانی كرد.
ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی ڕەزبەر، مستەفا قازیزادە، هاوکاری بەشی پێوەندییەکانی دەرەوەی كۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان، لە کۆنفڕانسی ''هاوپێوەندی بۆ ژیان'' كە لەلایەن ڕێکخراوی فریدریش ئێبەرت سەر بە حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان لە شاری بێرلین پێک هاتبوو، بەشداریی كرد.
لە سەرەتادا، مارتین شولچ بە کردنەوەی کۆنفڕانس باسی نەخشی حیزبی سۆسیال- دێموکرات لە پێکهێنانی بەرەی ئەوتۆ لە وڵاتانی جۆراجۆر کرد کە لە ڕەوتی دێموکراتیزەبوونی ئەو وڵاتانە کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە.
لە پانێلی یەكەمدا سێ کەسایەتیی ڕۆژنامەوانی، هونەری و سیاسەتوانی ئێران، بار و دۆخی ئێستای ئێران، دەسکەوتەکانی شۆڕشی ژینا و شێوەکانی جۆراجۆری خەباتی جەماوەرییان لە داهاتوو باس کرد. 
ڕۆژنامەوان کاوە کرماشانی لەو باسەدا ‌ڕۆڵی سەرەکیی کورد لە هەڵگیرساندنی ئەو ڕاپەڕینە و شوێندانانی بەرەی کورد لەسەر خەباتی سیاسیی داهاتووی ئێران کرد. هەروەها باسی ئەوەی کرد کە مافی نەتەوەیی گەلانی ئێران دەبێ لە ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی دەستەبەر بکرێت.
لە پانێلی دووەمدا، بەرپرسی "هاوپێوەندی بۆ ژیان"، بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی سۆسیال- دێموکراتی ئاڵمان، نوێنەرێکی حیزبی چەپ لە پارلمانی ئورووپا و نوێنەری حیزبی سەوزەکان لە پارلمانی ئاڵمان باس و بیروڕای خۆیان سەبارەت بە هەلومەرجی دژواری ئێران بۆ گۆڕانکاری دەربڕی. لە هەمان کاتدا پشتیوانیی خۆیان بۆ ڕەوتی دێـمۆکراتیزەبوونی ئێران دەربڕی. 
 مەبەستی ئەو کۆنفڕانسە نزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە یەکتر و هەوڵ بۆ پێکهێنانی پلاتفۆڕمێکی هاوبەش لە داهاتوودایە.