کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب بۆ خاتوو "نەرگس محەممەدی"، بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵی ٢٠٢٣

18:49 - 14 رەزبەر 2723

کۆمیتەی خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ ڕۆژی هەینی ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی ناوی نەرگس محەممەدی، چالاکی مافەکانی مرۆڤ، زیندانی سیاسی و پشتیوانیی درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی"ی وەک براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ڕاگەیاند. کۆمیئتەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل ڕایگەیاندووە  بەهۆی "لەسۆنگەی سەرکوتی سیستیماتیکی ژنان لە ئێران و تێکۆشانی بێ‌وچانی خاتوو نەرگس محەممەدی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی بۆ هەموو لایەک ئەم خەڵاتەی دەدرێتێ.

 پێدانی ئەو خەڵاتە بەبایەخە جیهانییە لە کاتێک‌دایە کە دوای شەهیدکرانی "ژینا ئەمینی" کچە کوردی خەڵکی شاری سەقز شۆڕشێکی گەورە لە کوردستان و سەرجەم شارەکانی ئێران دەستی پێ کردووە و درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" وەک ڕەمزێک بۆ یەکیەتی و هاوئاهەنگی نێوان گەلانی ئێرانی لێ هاتووە. هەروەها یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو سەرهەڵدانە ڕۆڵی پێشەنگایەتی و هەراوی ژنان لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییە جۆراوجۆرەکان بووە کە لەلایەن براوەی ئەم خەڵاتەوە -کە لە بەندیخانەدا بوو- بەردەوام پشتیوانی لێ دەکرا و تێچووەکەشی بە ئەشکەنجە و بێبەشکردنی لە مافەکانی وەک زیندانییەکی سیاسی بۆ داوە.

نەرگس محەممەدی لە کاتێکدا ئەو خەڵاتە وەردەگرێ کە ژنانی کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان بەتایبەتی و سەرجەم گەلانی نیشتەجێ لەم جوغرافیایەدا، لەژێر هێژموونی چەسانەوەی توندی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا رۆژانە بەرەوڕووی سەرکوت و گرتن و سێدارە دەبنەوە، کە تازەترین نموونەیان ئارمیتا گراوەند، کچەکوردێکی دیکەیە کە ئێستا بەهۆی توندوتیژیی هێزەکانی ڕێژیمەوە لە نەخۆشخانەی فەجری تاران لە کۆمادایە. بەڵام، سەرەڕای هەموو ئەو سەرکوت و چەوساندنەوانە، ئازایانە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان تێ‌دەکۆشن و لە هەوڵی بەردەوام‌دان.

ناوەندی بەڕێوەبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەیەوە وێڕای دەستخۆشی لە کۆمیتەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل، گەرمترین پیرۆزبایی خۆی پێشکەش بە خاتوو نەرگس محەممەدی و سەرجەم ژنانی زانا و ئازای کوردستان و ئێران، و هەروەها هەموو ئەو کەسانە دەکا کە بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری و ئازادی لە هیچ چەشنە زەحمەت و تێکۆشانێک وێڕای تێچووی زۆرەوە، تەنەخی ناکەن.

ناوەندی بەڕێوەبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی

(٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)