کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشی پێوەندییەكانی حیزب لە دەرەوەی وڵات، لەگەڵ ئەندام پارلمانێكی ئاڵمان كۆ بووەوە

11:15 - 9 رەزبەر 2723

ڕۆژی پێنجشەمە ٦ی ڕەزبەر، مستەفا قازیزادە، هاوکاری بەشی پێوەندییەکانی دەرەوەی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی ئاڵمان، كۆبوونەوەیەكی ئانلاینی لەگەڵ خاتوو تورک ناخباوێر، ئەندامی پارلمانی ئاڵمان، سەر بە فراکسیۆنی حیزبی سۆسیال- دێموکرات، پێک هێنا.

لەم كۆبوونەوەیەدا، تورک ناخباوێر پێشتر پرسیاری دۆخی بزووتنەوەی ژینا و بارودۆخی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کرد.

قازیزادە شیی کردەوە کە شۆڕشی ژینا بێدەنگیی بەسەردا هاتووە، بەڵام گەلانی ئێران هەر چاوەڕێی دەرفەتن تا ناڕەزایەتیی خۆیان دەڕببڕنەوە و دژی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران بێنەوە سەر شەقامەکان.

قازیزادە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئۆپۆزیسیۆنی ئێران هێندێک پڕشوبڵاوە و تەنیا گەلی کوردە کە زۆر ڕێکخراوە و لەنێو کۆمەڵگەی کورد پشتیوانی بەرینی هەیە. نموونەی ئەو یەکگرتووییەش مانگرتنی سەرانسەری لە کوردستان بەبۆنەی ساڵوەگەڕی كوشتنی بە ئەنقەستی ژینا بوو کە لەسەر بانگەوازی حیزبە کوردستانییەکان هاتە ئاراوە.

مستەفا قازیزادە ئاماژەی بە هەڕەشەکانی ئەو دواییانەی کۆماری ئیسلامی بۆ چەککردن و ڕاگوازتنی حیزبە کوردستانییەکان لە باشووری کوردستان کرد و باسی مەترسیداربوونی گیانی هەزاران کوردی پەنابەری ڕۆژهەڵات لە باشوور کرد کە بەو شێوەیە دەکەونە بەر دەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.

قازیزادە لەو پێوەندییەدا هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی ئێرانی لە ساڵی ٢٠٢٢ بۆ سەر بنکە و ژینگەی کوردانی پەنابەر لە باشوور باس کرد. هەروەها ئەوەی شی کردەوە کە ئەو هەڵوێستەی کۆماری ئیسلامی لەوە سەرچاوە دەگرێت کە کورد بە دژبەری سەرەکیی خۆی دەزانێت و هەوڵ دەدات کە نەخشی سیاسیی کورد لە کوردستان و ئێران لاواز بکات.