کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی ٧ هاووڵاتیی ناڕەزایی خەڵکی تیکاب لەسەر دەرئەنجامەکانی کانگایەکی نزیک گوندەکەیان

12:05 - 18 رەزبەر 2723

حەوت هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری تیکاب کە ناڕەزایەتییان لەسەر بەردەوامیی چالاکی و کارکردنی نایاساییی کانگایەکی نزیک لەو شارە دەربڕیوە، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیم دەسبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ''هەنگاو''  حەوت هاووڵاتیی بە ناوەکانی عەلی بەرادەران، عەلی سەروی، عارف زەمانی، ئەمین قارەمانی، مەعرووف سالمی، زاهید مەجنوونی و مەهدی مەجنوونی خەڵکی گوندی "ئەحمەدئاوا"ی سەر بە شاری تیکاب، دوای ناڕەزایەتیدەربڕین لەسەت بەردەوامیی چالاکییە نایاسیاییەکانی کانگایەکی نزیک لەو گوندە و لێکەوتە ژینگەیییەکانی، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون.

بە وتەی هاووڵاتییانی دانیشتووی ئەو گوندە، بەهۆی ئەو کانگا نوێیەوە لە ماوەی ڕابردوودا لە نزیک گوندەکەیان کەوتووەتە کار، ئاوی خواردنەوەی ئەو گوندە و چەند گوندێکی دەوروبەری "ئەحمەدئاوا" بڕاوە و بەهۆی ئەگەری بەردەوامیی چالاکی و کارکردنی نایاساییی ئەو کانگایە لە داهاتوویەکی نزیکدا سەرچاوەی ئاوی گوندەکانی ئەو ناوچەیە بە تەواوەتی وشک دەبێت.

هەروەها بەگوێرەی ئەوەی کە خەڵکی ناڕازیی ئەو گوندە ڕایانگەیاندووە؛ ئەو کانگایە لە شوێنێکی کەونار و مێژوویی کە بەشێکە لە ئاسەواری دێرینی ناوچەکە دامەزراوە و مۆڵەتنامەی دامەزراندن و چالاککردنەوەی ئەو کانگایە لە ڕەوتێکی گەندەڵیی ئیداریدا بڕیاری لەسەر دراوە و ڕێگە بەو کانگایە لە وەها شوێنێک دراوە.

بەپێی زانیارییەکان ئەو ٧ هاووڵاتییە کوردە دوای ئەوەی کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون، بۆ بەندیخانەی میاندواو گواستراونەتەوە و هەروەها بارودۆخی یەکێک لەو دەستبەسەرکراوانە بەهۆی ئەوەی کە نەخۆشیی دڵی هەبووە، نالەبار و ناجێگیرە.