ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٨ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، خۆپیشاندانێک بۆ ساڵوەگەڕی کوشتاری هەینیی خوێناویی زاهیدان بە دەستی هێزە دژی گەلییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و هەروەها بۆ پشتیوانی لە گەلی بەلووچ لە بەردەم پارلمانی نۆروێژ لە ئۆسلۆ بەڕێوە چوو.
لەو خۆپیشاندانەدا پەیامی چەندین حیزب و ڕێکخراوی نۆروێژی، کوردستانی و ئێرانی بەم بۆنەوە پێشکەش کرا.
پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن خوسرەو قادری، بەرپرسی بەشی پێوەندییە کوردستانی و ئێرانییەکانی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە نۆروێژ پێشکەش کرا.
شایانی باسە کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بە ئاڵای کوردستان و ئارمی حیزب و وێنەی شەهیدانی شۆڕشی ''ژن، ژیان، ئازادی'' و شەهیدانی هەینیی خوێناوی بەشدار بوون و بە پێشکەشکردنی شانۆ و سروودی نیشتمانی، پشتیوانیی خۆیان بۆ گەلی بەلووچستان دووپات کردەوە.