کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سێدارەدانی ٦٥٩ کەس لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە یەک ساڵی ڕابردووی زایینیدا

13:03 - 18 رەزبەر 2723

کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ڕۆژی جیهانیی "بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان" ئاماری لەسێدارەدانی ساڵی ڕابردووی ئێرانیان خستەڕوو.

کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕۆژی دووشەممە ١٧ ڕەزبەر بەرامبەر بە ١٠ی ئۆکتۆبر، ڕۆژی جیهانی "بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان"، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لانیکەم ٦٥٩ کەس لە ئێران لە نێوان ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠١ تا ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ لەسێدارە دراون و هەزاران کەسی دیکەش چاوەڕوانی لەسێدارەدانن.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕێژەی لەسێدارەدان لە ئێران کە بە شێوەی "هەڵواسین" ئەنجام دەدرێت، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ٢٤ لەسەد زیادی کردووە.

هەروەها بە ئاماژەدان بەم ڕاپۆرتە، ڕێژەی سزای لەسێدارەدان کە لە ساڵی ڕابردوودا دەرچووە، بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردووتر بە ڕێژەی ٨٤ لەسەد زیادی کردووە.

کۆمەڵەی چالاکانانی مافی مرۆڤ جەختیان لەوە کردەوە کە لە کۆی ٦٥٩ کەس کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لە سێدارە دراون، ١٧ کەسیان ژن بوون، کەسێک تەمەنی لە خوار ١٨ ساڵەوە بووە کاتێک تۆمەتەکەی بەسەردا سەپاوە، ٧ کەسیش لە شوێنی گشتییەکان لەسێدارە دراون.

بە پێی ئەو ئامارانە، ٦٣ لەسەدی لەسێدارەدانەکان لە ئێران بە نهێنی و بێ ڕاگەیاندنی لە میدیاکان ئەنجام دراون.

شایانی باسە کە لە سەرەتای دەستپێکی شۆڕشی ژینا، ڕێژەی حوکمی لەسێدارەدان لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و زۆربەی ئەوانەی کە حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە لە دەستڕاگەیشتن بە پرۆسەی دادگاییکردنی دادپەروەرانە بێبەش کراون.