کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داهاتووی ورمێ لەنێوان بەرداشی فاشیزمی تورک و کۆماری ئیسلامی

10:56 - 19 رەزبەر 2723

یەعقووب ڕەوا

ناوچە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە موکریانیشەوە سەڕەڕای مێژوویەکی تۆخ لە بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد، لەمێژە لەنێوان بەرداشی فاشیزمی ئێرانی و تورکی خەریکی هاڕینە. ئەم ڕەوشە بەتایبەتی لە دوو دەیەی ڕابردوو خێراییەکی زۆرتری پێوە دیارە و ئاسەواری زۆر نەرێنی لە گوشاری سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئابووری، هەڵاواردنی سیستماتیکەوە بگرە هەتا سەرکوتی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد بەڕوونی دیارن. بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتی بەر باس و بەرچاوڕوونی زۆرتر پێویستە تیشک بخەینە سەر هەندێ تایبەتمەندیی حەشیمەتی، کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەم ناوچەیە. ناوچەی بەر باس لەژێر ناوی "ئازەربایجانی غەربی" لە جوغرافیای سیاسیی ئێراندا ناسێندراوە و لە سنوری شارستانی بۆکانەوە هەتا ماکۆ ڕووبەری هەیە. دانیشتووانی پارێزگا بەپێی ئاماری ناوەندی ئاماری ئێران لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاویدا 000/250/3 کەسە. بەپێی رێژەی گەشەی حەشیمەتیش بۆ ئێستا 000/500/3 کەس مەزەندە دەکرێ. پێکهاتەی دێمۆکرافیگی ناوچەکە بریتیە لە کورد، تورکی ئازەری، ئاشوری و ئەرمەن. بەربڵاویی دانیشتووانی کورد لە ناوچەی باشوری پارێزگا ناسراو بە موکریان (بۆکان، سەردەشت، مەهاباد، پیرانشار و شنۆ) بەتەواوی کوردە. بەپێی پێشبینیی حەشیمەتیی ناوەندی ئاماری ئێران بۆ ساڵی ١٤٠٠ دانیشتووانی ئەم دەڤەرە ٨٨٥٠٠٠ کەسە کە دەبێتە رێژەی ٣٤٪ گشتی حەشیمەتی پێشبینیکراوی پارێزگا لە ساڵی ١٤٠٠.  باقی دانیشتووانی پارێزگا تێکەڵەیەکە لە هەموو پێکهاتەکان.

دێمۆگرافیی کورد له ناوچەی موکریانەوە بە نزیک تەواوەتیی کورد لە باشوری پارێزگاوە دەست پێ دەکا و هەمووی ناوەندە حەشیمەتییەکانی کەمرەی ڕۆژئاوای پارێزگا بەدرێژایی سنووری باشوور و باکووری کوردستان لەخۆ دەگرێ. دانیشتووانی تورکی پارێزگا لە شارستانەکانی تیکاب، سایین‌قەڵا و میاندواو لە کەمەرەی ڕۆژهەڵاتی پارێزگا (دەور لێواری ڕۆژاوا و باشووری گۆڵی ورمێ) بە شێوەی دوورگەیی دابەش کراوە. واتا خاک و عەرزی بەسەر یەکەوەیان نییە. هەر لە میاندواوە هەتا ماکۆ حەشیمەتی تورک پتر جێگیر لە شارەکانە و قووڵایی جوغرافیایی دانیشتووانی زۆر کەمە. لەنێوان میاندواو بۆ نەغەدە و لە نەغەدە بۆ ورمێ و لە ورمێ بۆ سەلماس تەواو دابڕانی حەشیمەتی دیارە و جگە له چەند دێهات ناوەندی حەشیمەتیان نییە. بۆ نمونە لە نەغەدە له لێواری گۆڵی ورمێ بۆ دوورترین دێهاتی تورک‌نشین کەمتر لە 20km دەبێ و لە ورمێش کەمتر لە 30km هەتا دێهاتی بەند. لە سەلماس و ماکۆش پەرتەوازە دێمۆگرافییەکان هەر ئاوایە.

دیاریکردنی ڕێژەی وردی حەشیمەتی پێکهاتەکان بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی سەرژمێری لەسەر ئەساسی پێکهاتەکان نەکراوە یان لانیکەم بڵاو نەکراوەتەوە ئەستەمە. بۆیە تەنیا بەپێی ئاماژەکان و رێژەی بڵاوکراوی خۆی سازمانەکانی دەوڵەتی وەکوو فەرمانداری و ئۆستاندارییەکان دەکرێ رێژەیەکی نسبی بە دوو سنووری لانیکەمی و لانی زۆری دیاری بکرێ. حەشیمەتی کورد لانیکەم 000/800/1 کەس واتا سەتا ٥١ و لانی زۆر سەتا ٧٠ی پارێزگا دەخەمڵێندرێ. فاکتەرە دەخیلەکان نێو ئەم بەراوردە بەکورتی ئەمانەن؛ رێژەی ٣٤٪ موکریان، دابەشکاریی ڕێژەی پێکهاتەکان بۆ نمونە فەرمانداریی نەغەدە، حەشیمەتی گوندنشینی شارەکانی وەکوو خۆی و سەلماس، ئەنجامی هەڵبژادنە جۆراوجۆرەکان بۆ نمونە لە ورمێ. بەپێی ئاماژەکانی ڕێکخراوە دەوڵەتییەکان کە تەواو موغریزانەن لانیکەمی ڕێژەی حەشیمەتی ٥١٪ دەردەکەوێ و ئەنجامی ڕاستکردنەوە لەسەر ئەساسی بۆ نمونە ڕێژەی حەشیمەتی گوندەکان کە دیارن کوردن و رێژەیەکی گریمانەیە (لە ١٠٪ بۆ ٣٠٪) حەشیمەتی شاری لە شارەکانی خۆی و ماکۆ و سەلماس ڕاستکردنەوەی حەشیمەتی ورمێ بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، ڕێژەی نزیک بە ڕاستی ٧٠٪ دەردەکەوێ. باقی حەشیمەت زۆرینە تورک و کەمینە (کەمتر لە پەنجا هەزار کەس) ئاشوری و ئەرمەنن.

له ڕووی مێژوویی                                            

دیارە هەندێ بەڵگەی مێژوویی سەبارەت بە دانیشتووان و پێکهاتەی دێمۆگرافی هەن وەکو سیاحەتنامەکان و هەندی سەرچاوەی دیکەش. بەڵام لێرەدا دوو بەڵگەی مێژوویی سەبارەت بە دۆخی دێمۆگرافیکی ئەو ناچانەی دەخرێنە بەر باس. بەلگەکان بریتین لە دوو نەخشەی جوغرافیایی کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە.

نەخشەی یەکەم ئەرتەشی تێزاری ڕووسیە بەرهەمی ‌هێناوە لەژێر چاودێریی ئەفسەرێک بە ناوی کۆلۆنێل ڤلادمیر کارتۆسۆڤ لە ژێر سەردێری "شوێنی نیشتەجێبوونی کوردەکان''.

ئەم نەخشەیە لەژێر نەخشەی جوغرافیایی گشتی- دێمۆگرافیک پۆلێن بەندی دەکرێ. نەخشەکە زانیاریی وردی سەبارەت بە زانیاریی جوغرافیایی، ناوی شوێنەکان، سنووری ویلایەتەکان، سنووری ئیمپراتۆرییەکان و بەوردی حەشیمەتناسیی کوردستانی تێدا بەردەست دەکەوێ. نەخشەکە پەرتووکێکی پەنجا لاپەڕەشی دەگەلە کە نێوەرۆکەکەی بریتییە لە مێژوو، ستراکچێری کۆمەڵایەتی و سیاسیی کوردستان کە سەرجەمی بە زمانی ڕووسییە و بەداخەوە نووسەری ئەو دێرانە هیچ وەرگێرێکی دەست نەکەوت. لە ساڵی چاپی کتێبەکەوە (1896) دەردەکەوێ کە نەخشەکەش هەر ئەو ساڵە چاپ کرابێ.

 

لە بەشی ڕینوێنیی نەخشەکە کوردانی سووننی، عەلەوی، ئێزدی و هەروەها ئەرمەنەکان و ئاشوورییەکان بە ڕەنگی جۆراوجۆر دیاری کراون. لە باکووری ناوچەکە کە بە تەتبیق لەسەر نەخشە سەر هێڵەکانی ئێستاکە شاری قەرەزییادین و خۆی دەکەونە سنووری کوردستان و ئازەربایجان هەڵبەت زۆر ڕوون نییە کە ئایا ڕێژەی کورد لە خودی شاری ''خۆی'' چۆنە. بەڵام بە گشتی دەردەکەوێ جگە لە لێوارەکانی ڕۆژئاوای گۆڵی ورمێ کە وا پێدەچێ تورک و ناوچەیەکی بچووکیش ئاشووری یان کلدانی بن، هەتا ڕادەیەکی زۆر یەکدەست کوردە.

نەخشەی دووهەم هی ئەنجومەنی جوغرافیایی شاهانەی بەریتانیایە. نەخشەکە لەسەر سایتی کتێبخانەی گۆنگرێسی ئەمریکا بەردەستە لە ژێر نێوی:

''Map of eastern Turkey in Asia, Syria and western Persia''

نەخشەی بەردەست ڕێکەوتی چاپی یەکەمی دیار نییە. نەخشەکە لەژێر سەرپەرستyی ژێنراڵ ماونسێل بەرهەم هاتووە بەو پێیەش کە نەخشەیەکی تۆپۆگرافیکی بە ناوی کوردستان بە ناوی ئەم ئەفسەرە بەردەستە، وا پێدەچی ساڵانی کۆتایی سەدەی نۆزدە و بە تەخمین 1892 کارکردن لەسەری تەواو بووبێ. ناوی سەرەکی نەخشەکە دیار نییە و تەنانەت سنووری وڵاتەکانیش وا دیارە دواتر پێوە زیاد کراوە. بەڵام بەگشتی گۆڕانکاری بنەڕەتیی تێدا بەدی ناکرێ.

نەخشەکە زانیاریی وردتری بەنیسبەتی نوسخەی ڕووسیی بە دەستەوە دەدا.

بە گشتی زاڵبوونی حەشیمەتی کورد بەڕوونی لە هەردووک نەخشەکەدا بەرچاوە و گۆڕانی دێمۆگرافیک لە ساڵانی دواتردا ڕووی داوە. گۆڕانی دێمۆگرافیک بە گشتی بۆ چەند خاڵ دەگەرێتەوە:

یەکەم، ناوچەی ورمێ لەژێر فەرمانی وەلیعەهدی شایەکانی قاجاردا -کە لە تەورێز نیشتەجێ بوون- بووە و ئەو ناوچانەش دوای شەری چالدێران وەکوو کەمەرەی ئەمنی هەردووک ئیمپراتۆریی سەفەوی (دواتر قاجار) و عوسمانیدا سەیری کراوە و خەڵکەکەی بە یاخی لە هەر دووک حکوومەت زانراوە. بەو پێیەش حاکمان و دەسەڵاتدارانی تورک بوون.

دووهەم، شەڕی جیهانیی یەکەم بوو بە هۆکاری قات و قڕانی و کۆچی هەندێ خەڵکی تورکی بەری ڕۆژهەڵاتی ورمێ بۆ کوردستان.

سێهەم، دوای هەرەسهێنانی شۆڕشی سمایل‌ئاغای سمکۆ بە گشتی کورد لە شارەکانی ورمێ، سەلماس، خۆیی و... زۆر بە کەمی نیشتەجێ بوون و بە زمانیتر نیشتەجێبوونیان لە شارەکان قەدەغە بووە. هەڵبەت دوای شەری جیهانیی دووهەمیش کۆچی تورکانی بەری ڕۆژهەلاتی گۆلی ورمێ بۆ کوردستان هەر بەردەوام بووە.

دۆخی ئێستا

حکوومەتی شایەکانی قاجار کە خۆیان تورک بوون، پێکهاتەی تورکی وەکوو ئامرازی کۆنترۆلی سەرهەڵدانی کوردان بەکار هێناوە و هەتا ئێستاشی دەگەڵ بێ حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامییش هەر ئەو ڕێچکەیان گرتۆتە بەر.

بۆ ئەم مەبەستەش ئیمتیاز و ئاسانکاری زۆر بۆ ئەو کەسانە کراوە کە کۆچیان بۆ ئەو ناوچانە کردووە. دۆخی سەرەتای شۆرشی گەلانی ئێران و بەتایبەتی شەڕی نەغەدە کێشەکی لەباری بۆ ئاژاوەنانەوەی ئەتنیکی ساز کرد. هەرچەند پێکدادانی خەڵکی سڤیل بە گشتی زۆر کەم بووە، بەڵام تەبلیغات و پرۆپاگەندەی کۆماری ئیسلامی بێ کاریگەر نەبووە لە سازکردنی دڕدۆنگی و دوورکەوتنەی پێکهاتەکانی ئەو ناوچەیە. بەگشتی کورد لە دوای کۆماری کوردستانەوە هیچ پۆست و بەرپرسایەتییەکی ئەوتۆ و گرینگیان لە بەرێوەبەریی ناوچەکە و تەنانەت پارێزگای ورمێ‌شیان نەبووە. دواهەمین پۆستی پشکی کورد لە ورمی بەرێوەبەری ئیدارەی گشتیی وەرزش بووە.

لە ماوەی نزیک بە بیست ساڵی ڕابردوودا سەرهەڵدانی بیری شوناسخوازیی تورک لە ناوچەکە دۆخەکەی شپرزتر و ئاڵۆزتر کردووە. بیری شوناسخوازی تورکی لەژێر کارتێکەریی ئیدیۆلۆژیی کەمالیزم و پان‌توورانیزمی پارتە پاشوەرۆکانی تورکیە لە ڕێگەی هەندێ ڕووناکبیری تورکی ئێرانەوە لە کۆمەڵگەی تورکی ئێراندا تەشەنەی سەندووە. ئەو ئیدۆلۆژییە بە سڕینەوەی توخمی مەزهەب سنووری بڕی و ئاودیوی ئێران و ئازەربایجان بووە. ئەساسی ئەم فکرەیە ناسیۆنالیزمێکی رۆمانتیستی و هێرشبەر و ڕەقە. بە هۆی ئەوەی ئەسڵی یەک نەتەوە، یەک زمان و یەک ئاڵا بنەمای ئەم ناسیۆنالیزمەیە، لە ئەساسدا بوونی ئەویتر قبوڵ ناکات و هەوڵی دوژمن سازکردن لە خەڵکانی غەیری تورکە لەو جوغرافیایەی ئەوان پێی دەڵێن توورانی گەورە. هەڵبەت لە گەمە ستراتیژەکانی نێوان ئێران و تورکیەدا، تورکیە پەرەپێدانی ئەم ئایدیایەی وەکو چەکیک دژی ئێران بەکار هێناوە. خاڵی یەکتربڕی ئیدئۆلۆژیی پانتورکیزم و کۆماری ئیسلامی، دژایەتیی کوردە کە ئاماژە کرا لە نێوئاخنی خۆی ئیدۆلۆژییەکەدا شاراوەیە.

ڕێگەپێدان بەم ئیدۆلۆژییە کە بە نووسراوە و تەنانەت چاپی کتێب و بڵاڤۆک پڕۆپاگاندای بۆ دەکرا وەک ویروس لەنێو کۆمەڵگەی تورکی تەشەنەی کرد. ئەم بەشەی بانگەشەی بۆ دەکرا نە داوای سیاسیی دیاریکراو و نە ئاگاییدان بە نیسبەت مەسەلەی نەتەوەیی، بەڵکە مێژووسازیی درۆیین و سازکردنی دوژمنی وەهمی بوو. ئەو دوژمنەش لە پلەی یەکەم کورد و دواتر ئەرمەن و فارسن. ئاکامی تەشەنەی ئەم بیرە شتێک نییە جگە لە هەوڵدان بۆ سڕینەوەی شوناس و بوونی کورد لەو ناوچانە. گۆڕینی ناوی جوغرافییە کوردییەکان، میژووسازیی درۆ کە خۆی کۆماری ئیسلامییش پەرەی پێ دەدا، هەڵاواردنی بەکۆمەڵ و گوشاری چەند قات لەسەر کورد بەشێک لە ئاکامی ئەم سیاسەتە پاکتاوکردنە نەرمەیە. بەپێی هەندی زانیاری بۆ نمونە لە کۆی چەند هەزار کارمەند و کرێکارانی شارەداری ورمێ ژێر سەت کەسی کوردن. ئەوەش جگە لە هەڵاواردنی پێکهاتەی کوردە لە هەموو بوارەکان و تەنانەت خزمەتگوزاری  شاریش. دۆخی نالەباری ئابووری کورد تەنانەت ڕێژەی تاوانیشی یەکجار بەرز کردۆتەوە و مانگ نییە چەندین کەس سزای ئیعدامیان بە هۆی تیوەگلان لە بازرگانیی مادەی هۆشبەر لەسەر جێبەجی نەکرێ. بێ‌هیوایی لە دواڕۆژ تەنانەت رێژەی خویندەوارییشی لەو ناوچانە دابەزاندووە.

کۆتا قسە

دۆخی نالەباری ئەو ناوچانە و سیاسەتی خۆپارێزانەی ئاوێتەی عەقڵییەتی پێویستیی وێکهەڵکردنی دێموکراتیکی حیزبە سیاسییەکان، ئیلیت و بەگشتی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داهاتووی ئەو ناوچەیەی کە هەمیشە کۆڵەکەی شۆرشی کوردستان بووە بەرەو دۆخێکی نادیار بردووە. بۆیە پێویستە بە وەلانانی سیاسەتی پەسیڤ و بە تەئکید لەسەر بنەما دیمۆکراتیکەکان چالاکانە دەور بگێڕدرێ و تەبلیغی چارەسەری دێمۆکراتیک و رێزدانان بۆ مافی یەکتر بکرێ و چاوەڕوانییش ئەوەیە دۆخی ئەو حەشیمەتە بەرچاوە لە سیاسەتەکانی کوردستانیدا ڕەنگدانەوەی هەبێ.