چوار لاوی خەڵکی مەهاباد بەناوەکانی میلاد مروەتی، محەممەد ئەمینی، ئالان حەمەجانی و پووریا نەسیری، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران دەسبەسەرکران.
بەپێی ڕاپۆرتی ''هەنگاو'' ڕۆژی دووشەممە ٨ی خەزەڵوەر، میلاد مروەتی، محەممەد ئەمینی (هاوڕێ تەورە)، ئالان حەمەجانی و پووریا نەسیری، چوار هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لەو شارە دەسبەسەرکراون.
ئالان حەمەجانی و پووریا نەسیری، دوای دەسبەسەرکرانیان بۆ شوێنێ نادیار گواستراونەتەوە و بەدواداچوون بۆ وەرگرتنی زانیاری سەبارەت بە بارودۆخیان هەتا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە.
هەروەها، میلاد مروەتی و محەممەد ئەمینی کە خوێندکاری بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی زانکۆی کوردستان لە سنەن، دوای نزیک دە کاتژمێر دەسبەسەربوونی کاتی و وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراوە ئازادکراون.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو چوار کەسە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.