کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی ئێران و کۆماری ئیسلامی، دوو ئامانج و دوو ڕێباز

00:50 - 22 خەزەڵوەر 2723

سمایل شەرەفی

سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە پرسی فەلەستین بە گشتی و بەتایبەت مەسەلەی ئەم‌دواییانەی نێوان حەماس و ئیسرائیل، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ بۆچوون و ڕوانگەی خەڵکی وڵاتی ئێران یەک ناگرێتەوە. ئەگەر ڕوانگەی گەلانی ئێران بۆ ئەم پرسانە لە ڕێزگرتن لە ئیرادە و ماف و ویستی گەلانەوە سەرچاوە دەگرێ کە مافی ئەوەیان هەیە بەدوور لە شەڕ و ماڵوێرانی لە خاک و وڵاتی خۆیاندا بە ئازادی و بەختەوەری بژین، هەڵوێست و سیاسەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ڕاست پێچەوانەی ئەم تێڕوانینەیە. ئاژاوەنانەوە و پشتیوانی لە تاقم و گرووپە توندڕەوەکانی ناوچەکە و تێڕوانینی "سڕینەوەی دەوڵەت و نەتەوەیەک" و پشتیوانیی بەدرۆ لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەیەکی دیکە، ماهییەت و چوارچێوەی سیستەمێکی ڕەشی ئیدئۆلۆژیکە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ٤٥ ساڵە لەژێر ناوی "هەناردەکردنی شۆڕش"دا پەیڕەوی دەکات.

کۆماری ئیسلامی لە هەموو ماوەی تەمەنیدا زۆری هەوڵ ‌داوە خەڵکی وڵات بەم ئیدئۆلۆژییە پەروردە بکا و بەدوای سیاسەت و هەڵوێستەکانی خۆێدا پەلکێشیان بکات. بەڵام جیا لە مایەپووچی هیچی دەست نەکەوتووە. لە تازەترین تاقیکردنەوەدا هەر لەم ڕۆژانەی گەرماوگەرمیی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلدا کە ڕێبەری ڕێژیم بەڕاشکاوی دەستخۆشیی لە چەکدارانی حەماس سەبارەت بە هێرشیان بۆ سەر ئیسرائیل و کوشتنی دەیان کەسی بێ‌تاوان دەکرد، خەڵکی وڵات نەتەنیا کەمترین لایەنگرییان بە قسەکانی خامنەیی نیشان نەدا، بەڵکوو لە هەر دەرفەتێکی هەڵکەوتووی وەک؛ ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی ئارمیتای کوژراو بەدەستی هێزە سەرکوتکەرەکان و خۆپێشاندانە بەردەوامەکانی خانەنشینکراوەکان و زۆر بۆنە و دەرفەتی دی، خەڵک بە گوتنەوەی "نە غەززە، نە لوبنان"، "واز لە فەلەستین بێنە و بیرێک لە ئێمە بکەوە"، تەواوەتیی سیاسەتی کۆماری ئیسلامییان لەم پێوەندییەدا خستەژێر پرسیار و ڕەتیان کردۆتەوە.

هەر لە تاقیکردنەوەیەکی دیکەدا کە کاربەدەستانی ڕێژیم و دامودەزگای پڕوپاگەندای نیزام لەسەر داوای خودی بەیتی ڕەهبەری، نزیک بە یەک مانگ بوو خۆیان بۆ ئامادە دەکرد، خەڵک دیسان (نا)یەکی دیکەی گەورەیان بە هەڵوێست و سیاسەتەکانی ڕێژیم‌ گوتەوە. لە  "١٣ی آبان"ی ئەمساڵدا کە ساڵڕۆژی هێرشی خوێندکارانی پێڕەوی خومەینی بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران و داگیرکردنیەتی و لە ڕۆژمێری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بە "ڕۆژی موبارزە لەگەڵ ئیستکباری جیهانی" ناودێر کراوە، سەرەڕای تەبلیغێکی بەربڵاو بۆ هاندانی خەڵک و بەشداریان لەم ڕێوڕەسمە، بە داننانی خودی بەرپرسانی ڕێژیم، لە تارانێکی ١٢ تا ١٣ میلیۆن حەشیمەتیدا، کەمتر لە ٥٠ هەزار کەس بەشدار بوون.

لە کەس شاراوە نیە ئەوەی ئەمڕۆژانە بەسەر غەززە و خەڵکە بێ‌تاوانەکەیدا دێت، بەلای خەڵک و گەلانی ئێرانەوە کارێکی ناپەسەند و دوور لەهەر بەه  و نۆرمێکی مرۆییە. بەڵام بۆ هەمووانیش ڕوون و ئاشکرایە کە ئەوەی کۆماری ئیسلامی وا خۆ نیشان دەدات پشتیوانی خەڵکی غەززە و پرسی ڕەوای نەتەوەی فەلەستینە، جیا لە درۆ و "فرمێسکی تیمساح ڕشتن" شتێکی دیکە نییە. هەر بە پێی دوایین قسەکانی حەسەن نەسروڵڵا، سکرتێری گشتیی حیزبوڵلای لوبنان، کۆماری ئیسلامی بە هەموو شێوەیەکی مادی، تەسلیحاتی و مەعنەوی، یارمەتیدەر و پشتیوانی ئەو تاقم و گرووپە توندڕەوانەیە کە ئاکار و کردەوەیان، چارەنووسی ئەمڕۆی غەززە و خەڵکەکەی لێ کەوتۆتەوە.

سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکە نەتەنیا لەلای خەڵکی وڵات ناپەسەند و ڕەتکراوەیە و هیچ یارمەتییەک بە سەقامگیریی ئاسایش و ئەمنییەت لە ناوچەکە‌دا ناکات، بەڵکوو خودی دەوڵەتانی ناوچەکە، کە چ لەبواری نەتەوەیی و چ لە بواری مەزهەبییەوە، خەڵکی غەززە و بەگشتی فەلەستین بە بەشێک لە خۆیان دەزانن، ڕوانگەو بۆچوونەکانی ئەم ڕێژیمە نەک بە "چارەسەر" نازانن، بەڵکوو بە قەیرانخوڵقێن و ئاڵۆزکەر لە قەڵەم دەدەم. لە دوایین کۆبوونەوەی وڵاتانی ئیسلامی‌ا کە ڕۆژی شەممە لە ڕیازی پێتەختی عەرەبستانی سعوودی بەڕێوە چوو، سەرۆککۆماری  چەفیە لە مل و"دەست‌وپابووسی حەماس"ی کۆماری ئیسلامی، بە ڕیزکردنی ١٠ خاڵی  بە قەولی خۆی "چارەسەر" بۆ دۆخی غەززە، ڕوانگە و بۆچوونەکانی ڕێژیمەکەی خستە ڕوو. قسەکانی ناوبراو کە جیا لە دژایەتی و دوژمنایەتی لەگەڵ ئیسرائیل و پێداهەڵگوتن بە حەماس و خۆبەخەمخۆرزانینی بەدرۆی خەڵکی غەززە، شتێکی دیکەی تێدا نەبوو، لەلایەن وڵاتانی ئیسلامیی بە زۆرینە عەرەبەوە چووکترین بایەخی پێ نەدرا. لە کۆتاییدا نێوەرۆکی بەیاننامەی کۆبوونەوەکە دەریخست کە نەخشەڕێگاکانی سەرۆککۆماری ئێران بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ناوچەکە، کەمترین شوێنی لەسەر هەڵوێستی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبیی ناوچەکەدا بووە.

ئاکامی ئەم سیاسەتانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکە و تەرخانکردنی سەروەت و سامانی خەڵکی وڵات بۆ پشتیوانی لە گرووپە نیابەتییەکان کە پێی وایە دەتوانێ بە بەکارهێنانیان، ئەمریکا و هێزە هاوپەیمانەکان تووشی تەنگژە بکات، تا ئێستا جیا لە لەهەژاریداهێشتنەوەی خەڵکی وڵات و خۆتەریک‌خستنەوە، بەرهەمێکی ئەوتۆی نەبووە. درێژەدان بەم سیاسەت و کردەوانە – بەتایبەت لە دۆخی ئێستا‌دا – کە پێناچێت کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بە کردەوە زیاتری لێ بچنە پێش، بە پێچەوانەی بۆچوونەکانی، محەممەد جەوادی زەریف، وەزیری دەرەوەی پێشووی ڕێژیم، لەپێش‌دا چارەنووسێکی تاڵ و تاریکی بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و کاربەدەستانی ئەم نیزامە دەبێت.