لە درێژەی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە کۆڵبەران، کۆڵبەرێک کوژرا و ٤ کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێێ ڕاپۆرتی ڕێکخراوی کوردپا، شەوی سێشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەر، کۆڵبەرێک بە ناوی یادگار ڕەحیمی، خەڵکی شاری بانە، بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم لە سنووری هەنگەژاڵی ئەم شارە گیانی لەدەست دا.
هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بە بێ هۆشداردان و ئاگادارکردنەوەی پێشوو، تەقەیان لەم کۆڵبەرە کردووە و تاکوو ئێستا تەرمەکەشیان ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکردووەتەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەر، چوار کۆڵبەر کە دوو کەسیان تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە لە سنووری هەنگەژاڵی بانە و لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە تەقەیان لێ کراوە و بریندار کراون.
شوناسی ئەم چوار کەسە بەم شێوەیە ڕاگەیەندراوە: ئاروین محەممەدی تەمەن ١٤ ساڵ و خەڵکی سنە، ئیمان تەمەن ١٧ ساڵ، حەسەن تەمەن ٢٠ ساڵ و شاهۆ تەمەن ٢١ ساڵ.
لەم حەفتەیەدا، سێ کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی نەریمان ساعدی، خەڵکی مەریوان، یوونس قادری، خەڵکی سەقز و ئێحسان ئیسماعیلزادە، خەڵکی مەهاباد بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم هەر لەم سنوورە بریندار کرابوون.