کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی ٣٠٣ هاووڵاتی لە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە

11:50 - 11 خەزەڵوەر 2723

بەپێی ئاماری نوێی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ''هەنگاو'' لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣، لانیکەم ٣٠٣ هاووڵاتی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا دەسبەسەر کراون.

بەپێی ئەم ئامارە، لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣دا لانیکەم ٤١ هاووڵاتیی کورد، ١٨٤ هاووڵاتیی بەلووچ، هەروەها ٢٣ هاووڵاتیی ژن، ٧٤ هاووڵاتیی منداڵ و ١٧ هاووڵاتیی بەهایی لەلایەن هێزە ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر کراون یان ڕفێندراون.

 بەپشتبەستن بەو ئامارە، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٢٣ ژن لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە سەرانسەری ئەو وڵاتە دەسبەسەر کراون کە دەکاتە ٧.٥٪ی کۆی گشتیی دەسبەسەرکراوان.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لەم ماوەیەدا لانیکەم ٤٧ منداڵی ژێر تەمەنی ١٨ ساڵ لە سەرانسەری ئێران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیم دەسبەسەر کراون یان ڕفێندراون کە ٤۵ کەس لەو منداڵانەی دەسبەسەر کراون بەلووچ و ٢ منداڵیش کورد بوون.

 بەپێی ئەو ئامارە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٨ خوێندکار لە شارەکانی کەرەج، زاهیدان، تاران، بەمپوور، سنە و مەهاباد و هەروەها ٧ مامۆستای قوتابخانە لە چەند شاری ئێران لەلایەن ناوەندەکانی سەرکوتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.

هەروەها لە ماوەیەدا لانیکەم ٧ ڕۆژنامەنووس و چالاکی ڕاگەیاندن و هەروەها ٣ هونەرمەند و ئەکتەر لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران دەسبەسەر کراون.

بەپێی ئەم ئامارە، بە بەراورد لەگەڵ مانگی پێشووتر کە ٤٦٣ هاووڵاتی دەسبەسەر کرابوون، ١۶٠ حاڵەت کە دەکاتە ٣٤.٥٪ کەمی کردووە.