کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاژانسی کوردپا ئامارێکی لە کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران بڵاو کردەوە

09:38 - 25 خەزەڵوەر 2723

ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، بە بڵاوکردنەوەی ئامارێک، باسی لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستاندا کردووە.

بەپێی ئاماری بڵاوکراوی کوردپا، لە ١١ هەتا ٢٤ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، بەگشتی ٥٨ کۆڵبەر، لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستاندا و لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، کوژراون و بریندار کراون.

بەپێی ئەم ئامارە، ٥٥ کۆڵبەر لەو ماوە زەمەنییەدا بریندار کراون و سێ کۆڵبەریش بە ناوەکانی ئازاد ستارپەنا، یادگار ڕەحیمی و جەلال حەیدەریان، کوژراون.

سێ کەس لە برینداربووەکان، تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ ڕاگەیەندراوە.

کوردپا بەرزبوونەوەی ئەم ئامارەی، داخرانی زۆربەی ناوچە سنوورییەکان و هەروەها نزیکبوونەوە لە وەرزی سەرما و بەرزبوونەوی ڕێژەی بێکاری، بەتایبەت کەمبوونەوەی کاری کرێکاری و پەنابردنی خەڵک بۆ کاری کۆڵبەری ڕاگەیاندووە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا، ٥٥ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کوژراون و ١٣٦٢ کۆڵبەریش بریندار کراون.