کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕیارنامەیەک دژ بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمەوە دەر کرا

11:50 - 25 خەزەڵوەر 2723

لە حەفتاوهەشتەمین کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، بە ٨٠ دەنگی ئەرێنی، بڕیارنامەی کانادا سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پەسەند کرا.

ئەم بڕیارنامەیە وێڕای مەحکوومکردنی بەرزبوونەوەی ڕێژەی سەرکوتی ژنان لە شوێنە گشتییەکان و دنیای مەجازیدا و لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە، داوای لەم ڕێژیمە کرد کە کۆتایی بە هەموو جۆرەکانی هەڵاواردنی سیستماتیک و دەستدرێژی جەستەیی و زارەکی بۆ سەر ژنان بهێنێت.

ئابرام پیلی، جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران لەمبارەوە وتی: هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ خەڵکی ئێران کە دژی ستەم و توندوتیژی و بۆ گەیشتن بە داهاتوویەکی ئازاد و دێموکراتیک خەبات دەکەن، دەردەبڕین.

چین، ڕووسیە، کۆرەی باکوور، عێراق، سووریە لە ڕیزی ئەو وڵاتانەدا بوون کە کە دەنگی نەرێنییان بەم بڕیارنامەیە داوە.