کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستپێکردنەوەی دووبارەی هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەی کچانە لە ئێران

12:05 - 11 خەزەڵوەر 2723

لە پاش چەند مانگ، دیسان هێرشە کیمیاییەکان بۆ سەر قوتابخانەی کچانە لە ئیران دەستی پێ کردەوە.

بەپێی چەند گرتە ڤیدیۆی بڵاوکراوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٠ خەزەڵوەر، کۆمەڵێک لە قوتابیانیی قوتابخانەی کچانەی گوندی "ڕەسوڵئابادی بەغدانیە"، سەر بە شارستانی ئێرانشار لە سیستان و بەلووچستان بەهۆی هەڵمژینی گازی ژەهراوی، ژەهراوی بوون.

لەم ڕووداوەدا کۆمەڵێک لە قوتابیانی ژەهراویبوو بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.

لە پاش ئەم ڕووداوە هێزەکانی ڕیژیم لە دەورووبەری قوتابخانەکە جێگیر بوون و بۆ نزیک بوونەوە لە قوتابخانەکە ڕێگریان لە باوک و دایکی منداڵان کرد.

هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٧ی خەزەڵوەر بە هۆی ژەهراویکرانی هونەرستانی کەوسەر لە شاری زەنجان، ٦٧ قوتابی ژەهراوی بوون و بۆ چارەسەریی ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی ئەو شارە کران.

شایانی باسە کە ژەهراویکرانی بە ئەنقەستی قوتابیان بەتایبەتی کچان، پاییزی ساڵی ١٤٠١ و لە کاتی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، سەرەتا لە شاری قۆم ڕووی دا و پاشان بە خێرایی سەرتاسەری ئێران و کوردستانیشی گرتەوە.

لە حاڵێکدا بنەماڵەی قوتابیان، کۆماری ئیسلامییان بە ژەهراویکردنی منداڵەکانیان تۆمەتبار دەکرد، بەرپرسانی ڕێژیم وەک هەموو کات وڵاتانی دەرەکی و دوشمنانیان بە ژەهراویکردنی خوێنداکاران تۆمەتبار کرد.

لە حاڵێکدا بنەماڵەی قوتابیان لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان دژی ژەهراویکردنی دوابەدوای یەکی قوتابیان، کۆماری ئیسلامییان بە هۆکاری ئەو ڕووداوانە دەزانی، دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران وەکوو ڕابردوو، وڵاتانی دژبەری خۆیان بە دەستێدابوون لەو ڕووداونەدا تۆمەتبار دەکرد.