کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئوتریش/ بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات سەردانی کلوبی پارلەمانتارانی حیزبی لیبراڵ دێموکراتی کرد

13:55 - 26 خەزەڵوەر 2723

ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەر (١٤ی نۆڤامبری ٢٠٢٣)، محەممەد فەقێ‌عەلی بەرپرسی بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئوتریش، سەردانی بنکەی سەرەکیی پارلەمانتارانی حیزبی لیبراڵ دێموکراتی ئۆتریشی کرد و لەگەڵ دوکتۆر کریسپەر شتێفانی، ئەندام پارلمان لەسەر لیستی ئەو حیزبە دیداری کرد.

محەممەد فەقێ‌عەلی لەم دیدارەدا بەوردی باسی لە دۆخی هەنووکەیی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی کرد و پەرژایە سەر گێرەشێوێنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکەدا.

باسکردن لە هەڕەشە و گوڕەشەکانی سپای پاسداران لە حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەسپێکردنەوەی کردەوە تێرۆریستییەکان لەلایەن ڕێژیمەوە، بەشێک لەو بابەتانە بوون کە لەگەڵ دوکتۆر کریسپەر شتێفانیدا باسیان لێ کرا.

لە درێژەی ئەم سەردانەدا، نوێنەری حیزب پێداگریی لەسەر چەند داواکارییەک کردەوە کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣دا پێشکەشی خاتوو شتێفانی کریسپەر کرابوون:

ـ پێناسەکردنی ئێران وەک ئێرانێکی فرەنەتەوە و فرە زمان و فرە کولتوور لە کاتی لێدوانەکانیاندا، هەوڵدانی ڕاستوخۆی ئەندامانی حیزبی لیبراڵ دیمۆکرات بۆ جێگیرکردنی ئەم ڕاستییە لەنێو بەرنامەی کارییاندا لەگەڵ گشت ئێرانییەکان و پێداگریکردنیان لەسەر پاراستنی مافی هەموو نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێران.

ـ دروستکردنی بەربەست و داخستنی ناوەندەکانی ڕێژیم لەو وڵاتە، بەتایبەتی ئەو ناوەندانەی کە زۆر دیار و بەرچاون و بوونەتە ناوەندی پێگەیاندنی تێرۆریستان، وەک ناوەندی ئیمام عەلی لە شاری ڤییەن.

ـ داواکاری بۆ درێژەدانی پەیوەندییەکان، زیاتر ئاڵوگۆڕکردنی سەرنج و بیروڕا لەسەر ئێران و کوردستان، هەوڵدان بۆ گرتنی کۆنفرانسێکی فرەڕەهەند لەسەر ئێران و نیشاندانی ڕووی ڕاستەقینەی پێکهاتەی ئێران.

ـ بەشداری پێکردنی کورد و نوێنەرایەتییەکەی لە هەر کۆڕ و کۆبوونەوەیەک، کە لەسەر ئێران و ئێرانیبوون بەڕێوە دەچێت، بەتایبەتی لە ئاستی ناوەندەکانی حیزبی و حکوومەتیدا. 

ـ پشتیوانی لە داواکانمان کە بۆ داهاتووی ئێران لەسەر بنەمای بەها مرۆڤایەتییەکان دیاری کراون و بوونەتە بنەمای کاری حیزبی دێموکرات بۆ داهاتووی ئێران، لەوانە: دیمۆکراسی و سێکۆلاربوون، باوەڕ بە فرەنەتەوەبوونی ئێران، پاراستنی هەموو مافەکانی مرۆڤ یەک لەوان مافی دیاریکردنی چارەنووس و ڕەتکردنەوەی هەموو بیر و بۆچونێکی ناوەندگەرا.

ـ وەگەڕخستنەوەی دۆسییەی شەهیدانی ڤییەن بەتایبەتی لە هەلومەرجی ئێستادا دەتوانێ شوێندانەر بێت.

ـ هەوڵدان بۆ بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بەتایبەتی لەسەر ئاستی یەکیەتیی ئورووپا.

لە کۆتایی ئەم دیدارەدا، دوکتۆر کریسپەر خۆشحاڵیی خۆی لەو سەردانە دەربڕی و سپاسی پێدانی زانیارییەکانی کرد و بەڵینی دا کە ڕەخنە و پێشنیارەکان لە بەرچاو بگرن.