کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برینداربوونی ٨ کۆڵبەر لە ماوەی ٣ ڕۆژدا

10:02 - 27 خەزەڵوەر 2723

لە ماوەی ڕابردوودا، برینداربوونی کۆڵبەران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.

ڕێکخراوی کوردپا لە چەند هەواڵی جیاوازدا باسی لە بریندار بوونی ٨ کۆڵبەر لە ماوەی ڕۆژانی ٢٤ هەتا ٢٦ی خەزەڵوەردا کردووە.

شوناسی کۆڵبەرە بریندارەکان بەم شێوەیە ڕاگەیەندراوە:

سمکۆ ڕەوازی، تەمەن ٣٧ ساڵی خەڵکی مەهاباد، کیانووش پاشایی، تەمەن ٢١ ساڵی خەڵکی سەقز، زانیار ڕاحزادە، تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی سەقز،  ئەشکان تەمەن ٢٧ ساڵی خەڵکی سەقز،  ئازاد نووری، خەڵکی بانە، حەمیدڕەزا حافزی، تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی سەقز، سەلاح کەریمی، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی سنە و  دیاکۆ ڕەمەزانی، تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی سەقز.

هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، تەقە لە کۆڵبەران دەکەن و سەر، دەست و لاقیان دەکەنە ئامانج.

ئەم کۆڵبەرانە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکان کراون بەڵام دۆخی تەندروستیی چەند کەسیان ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.

کوردپا لە ڕۆژانی ڕابردووشدا بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک باسی لەوە کرد کە لە ماوەی ٢ مانگدا، ٥٥ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بەدەستی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بریندار کراون و سێ کۆڵبەری دیکەش کوژراون.