لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و سەرەڕای دروستکردنی کەشی ئەمنییەتی لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، یادی شەهیدانی ئەم شۆڕشە لەلایەن بنەماڵەکانیان و خەڵکی کوردستانەوە بەرز ڕاگیرا.
بەپێی هەواڵ، وێنە و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سەرەڕای گوشارەکانی ڕێژیم بۆ سەر بنەماڵەی شەهیدان و ئیزن نەدان بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵیادی شەهیدبوونیان، بنەماڵەی شەهیدان بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسم و تۆمارکردنی گرتەی ڤیدیۆیی و گەیاندنی پەیامی خۆیان بە خەڵک و کۆمەڵگەی کوردستان، یادی شەهیدانی ئەم ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەیان بەرز ڕاگرت.
مانگی خەزەڵوەر یەکێک لە خوێناویترین مانگەکانی ڕاپەڕینی سەرتاسەری لە ساڵی ڕابردوودا بوو.
رێکخراوی کوردپا، ئاماری شەهیدانی ئەم راپەڕینەی بە جیاکردنەوەی ڕۆژەکان بەم شێوازە ڕاگەیاندووە: ڕۆژی، ٤ی خەزەڵوەر: ٥ کەس، ٥ی خەزەڵوەر: ٨ کەس، ٦ی خەزەڵوەر :٢ کەس، ٨ی خەزەڵوەر: یەک کەس، ١١ی خەزەڵوەر: یەک کەس، ١٣ ی خەزەڵوەر: یەک کەس، ١٨ی خەزەڵوەر : دوو کەس، ١٩ی خەزەڵوەر : یەک کەس، ٢١ی خەزەڵوەر: یەک کەس، ٢٤ی خەزەڵوەر: ٣ کەس، ٢٥ی خەزەڵوەر: ٧ کەس، ٢٦ی خەزەڵوەر: ١١ کەس، ٢٧ی خەزەڵوەر: ٦ کەس، ٢٨ی خەزەڵوەر: ٤ کەس، ٢٩ی ی خەزەڵوەر: ٧ کەس و ڕۆژی ٣٠ی خەزەڵوەر: ٦ کەس.
ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم، لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی شەهیدانی شۆڕشی ژینادا، بە بانگکردن و دەسبەسەرکردنی ئەندامانی بنەماڵەکانیان، لە هەوڵدان پێش بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی شەهیدان بگرن، ئەمە لەحاڵێکدایە کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، هەموو بۆنەکان وەک لەدایکبوون و ساڵوەگەڕی شەهیدان، دەرفەتێک بۆ دەسپێکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان و دەربڕینی ڕق و تووڕەیی خەڵک بەرانبەر بە ڕێژیم و دەسەڵات بووە.