کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەی ئۆکراینی خوازیاری بەڕێوەچوونی دادگایەکی بێلایەنن

09:59 - 29 خەزەڵوەر 2723

ئەنجومەنی بنەماڵەی قوربانییانی فرۆکەی  ٧٥٢ ی ئۆکراینی، لە ساڵڕۆژی  ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨دا ڕایگەیاند خوازیاری بەڕێوەچوونی داداگایەکی سەربەخۆ و بێلایەن لە ئێران بۆ سزادانی تاوانباران و ئەنجامدەرانی کارەساتی خوێناوی مانگی خەزەڵوەرن.

ئەنجومەنی بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەی ئۆکراینی، لە ڕاگەیاندراوێکدا، بە ئاماژەدان بە دەستپێکردنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە ئێران لە ساڵی ١٣٩٦دا،  نەبوونی سزا بۆ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و ناتەواویی کردەوەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان بە هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی و سەرکوتکردنی هاووڵاتییان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ناو برد.

ئەنجومەنی بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەی ئۆکراینی، کوشتنی زیاتر لە ١٥٠٠ خۆپیشاندەر لە مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٨ لەلایەن هێزەکانی ڕێژیان بە کۆمەڵکوژییەکی بەرفراوان و تاوانی لەبیرنەکراو ناو برد.

ئەم ئەنجومەنە لە ڕاگەیاندراوەکەدا زیادی کرد کە هەندێک لە بنەماڵەی سکاڵاکەری قوربانییانی خەزەڵوەری ١٣٩٨، تا ئێستا بەبێ هیچ تاوانێک لە گرتنگەکانی ڕێژیمدا بەسەر دەبەن.

چوار ساڵ لەمەوبەر و لەم ڕۆژانەدا رێژیمی ئسیلامیی ئێران، ئینتێرنێتی لە زۆر شوێنی ئێراندا پچڕاند بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژییەکی بەرفراوان ئەنجام بدرێت، کە ئێستا بە کۆمەڵکوژی بێدەنگی خەزەڵوەر دەناسرێت.