کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوربانیبوونی ٢٠ هەزار کەس لە ساڵێکدا بە هۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆ

11:51 - 29 خەزەڵوەر 2723

بەرپرسی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ هۆشداری دا و ڕایگەیاند کە لە ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٢٠ هەزار کەس بە هۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆ، لە ئێران گیانیان لەدەست داوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ خەزەڵوەر، حەسەن موئمنی بەرپرسی پۆلیسی ڕێگاوبانی رێژیم، ڕایگەیاند کە ڕووداوەکانی هاتووچۆ بووەتە کێشەیەکی جددی لە ئێران و لەم ساڵانەی دوواییدا ڕووداوەکانی ڕێگاوبان بەرزبوونەوەی بەرجاویان بەخۆوە بینیوە.

لەو پێوەندییەدا ڕێکخراوی پزیشکی دادوەری، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا پێشتر ڕایگەیاندبوو، کۆی گشتیی قوربانییانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە ساڵی ١٤٠١دا، ١٩هەزار و ٤٩٠ کەس بووە، ئەمەش نیشاندەری بەرزبوونەوەی ١٦ لەسەدیی ژمارەی قوربانییانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو بووە.

شایەنی ئاماژەیە کە بەرپرسی پۆلیسی ڕێگاوبانی ئێران ڕایگەیاند، ٦٠ لەسەدی  ڕووداوەکانی ڕێگاوبان لە ٣٠ کیلۆمەتری شارەکان ڕوو دەدەن و زۆربەی قوربانییانی ئەو ڕووداوانە لاوانن.

خراپی و ناستانداربوونی ڕێگاوبانەکان، ناستانداردبوونی ماشینەکان و گرینگینەدانی بەرپرسانی ڕێژیم بەم دۆخە، لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێرانن.