کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و بریندار بوونی ٨٦ کۆڵبەر لە دوو مانگی پاییزی ئەمساڵدا

14:20 - 30 خەزەڵوەر 2723

لە ماوەی دوو مانگی پاییزی ئەمساڵدا زیاتر لە ١٠٠ کۆڵبەر لە کوردستان دراونەتە بەر دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە "چاونیوز" ناو و ناسناوی ٨٦ کەس لەوانی ئاشکرا کردوە.

ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاندوە لەو ٨٦ کەسە ٧ کەسیان کوژراون و ٧٩ کەسیان بریندار بوون. هەروەها دوای سەردانەکەی ڕەئیسی، سەرکۆماری ڕێژیم بۆ شاری سنە کە لە چەند کۆبوونەوەیەکدا باسی پێویستیی ئاوردانەوە لە ژیان و چارەسەری کێشە ئابوورییەکانی خەڵکی کرد، لانیکەم ٦٠ کۆڵبەر لە کوردستان دراونەتە بەر دەستڕێژی گوللە کە ٣ کەسیان کوژراون.

هەر بەپێی ئەو زانیارییانە نیزیک بە ٦٠ کەس لەو کۆڵبەرانە لە ناوچەی سنووریی هەنگەژاڵی بانە لە پارێزگای سنە دراونەتە بەر دەستڕێژ، ئەویش لە کاتێکدا لەو ماوەیەدا و لە شارەدا بەناو بازاڕچەیەکی ئازاد بە مەبەستی هاوردەی کاڵا لەو دیوی سنوورەوە بۆ خەڵکی ناوچەکە کراوەتەوە؛ بەڵام خێروبێری ئەو بازارچەیە بۆ کاربەدەستانی ڕێژیم و پشکی خەڵک تەنیا فیشەک و خوێن بووە.