کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری بەرپرسی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ نوێنەری پارلمانی ئەیالەتی کوئینزکەند

14:33 - 30 خەزەڵوەر 2723

ڕۆژی سێشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەر(٢١ی نۆڤامبری ٢٠٢٣) ، سەلاح پوورئەسەد، بەرپرسی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ "مری ماک ماهان" نوینەری پارلمانی ئیالەتی کوئینزکەند لە حیزبی سەوزەکانی ئوسترالیا کۆ بووەوە.

نوێنەری حیزب لەو کۆبۆنەوەیەدا، سپاسی ماک ماهان و حیزبی سەوزەکانی ئوسترالیای کرد کە لە ماوەی خۆپیشاندانەکانی شاری بریزبن و شارەکانی دیکەی ئوسترالیادا دژ بە کۆماری ئیسلامی بەشدارییان کردووە و بۆ پشتیوانی لە گەلانی ئێران وتاریان پێشکەش کردووە.

سەلاح پوورئەسەد، لەم دیدارەدا ئاماژەی بە کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران کرد و ئاماژەی بە ئاخرین کردەوەی تێرۆریستیی ڕێژیم لە شاری هەولێر دژ بە پارێزەر سوهراب ڕەحمەتی کرد.

لەم دیدارەدا ئاماژە بە سیاسەتی زەبر و زەنگ و گرتنی خەڵکی کوردستان بەتایبەتی بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا کرا و مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵات و تۆقاندنی بنەماڵەی پەنابەرانی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵاتی نیشەجێ لە باشووری کوردستانیش یەکێک لەو بابەتانە بوو کە هاتە بەر باس.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە کردەوە تێکدەرانەکانی ڕێژیم لە ناوچەکە و دامەزراندنی دەستە و تاقمی تێرۆریستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ تێکدانی سەقامگیری ئەو بەشە کە دونیا کرا.

مری ماک ماهان وێڕای بەداخبوون لە کردەوە تێروریستییەکانی ڕێژیم و کۆشتاری خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران لە ماوەی یەک ساڵ و چەند مانگی ڕابردوودا، پشتیوانیی خۆی بۆ بزووتنەوەی ژن، ژیان ئازادی دەربڕی.

ناوبراو جارێکی دیکە پشتیوانیی سەوزەکان و هەڵویستی نەگۆڕیان بۆ پشتیوانی لە خەباتی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێرانی بۆ ئازادی دووپات کردەوە و درێژە دان بەو جۆرە کۆبوونەوانەی بە پێویست زانی.