کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی منداڵانی دەسبەسەرکراو لە پیرانشار گەیشتە ٥ کەس

18:31 - 30 خەزەڵوەر 2723

لە درێژەی دەسبەسەرکردنی منداڵان لە پیرانشاردا، سێ منداڵی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە لەم شارە دەسبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەر، کۆمار نەبی، تەمەن ١٦ ساڵ و کوڕێ شێرکۆ، خەڵکی پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕڕاگوێزرا.

هەر لەم پێوەندییەدا، شەوی دووشەممە، دوو منداڵی دیکە بە ناوەکانی پێشەوا نەبی، تەمەن ١٦ ساڵ و کارزان نەبی، تەمەن ١٥ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، ئەم سێ منداڵە بە بێ بەڵگەی یاسایی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکار ی دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم سێ منداڵە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی خەزەڵوەریش دوو منداڵی دیکە بە ناوەکانی هێدی یووسفی ئەقدەم ، تەمەن ١٦ ساڵ و فەرزین نەبی، تەمەن ١٤ ساڵ، هەر دوو خەڵکی پیرانشار، لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.