کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکرات سەردانی ئەنستیتۆی کوردی واشنگتۆنی کرد

12:20 - 1 سەرماوەز 2723

ڕۆژی دووشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەر (٢٠ی نۆڤامبری ٢٠٢٣)، شاندێکی حیزبی دێموکرات پێکهاتوو لە ئارش ساڵح، نوێنەری حیزب، سیامەند خوسرەوی، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب، جەماڵ مەحموودزادە و فایەق عەبدوڵڵاهی، ئەندامانی کۆمیتەی حیزب لە ئامریکا، سەردانی ئەنستیتۆی کوردی واشنگتۆنیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەم ئەنستیتۆیە و هەروەها دەیڤید فڵیپس مامۆستای زانکۆ، کۆ بوونەوە.

لەم چاوپێکەوتنەدا، ئارش ساڵح نوێنەری حیزب لە ئامریکا، هەندێک بابەتی لەسەر دۆخی کوردستان و دۆخی حیزبی دێموکرات هێنایە گۆڕێ و ئاماژەی بەوە دا کە سیاسەتەکانی ئامریکا لە ناوچەکە بۆتە هۆی ئەوە کە ئێران زیاتر لە جاران دەستێوەردان لە ناوچەکەدا بکات.

نوێنەری حیزب لە ئامریکا، بە ئاماژە بە گوشارەکانی ئەم دواییانەی ئێران باسی لەوە کرد کە ئێران بەو گوشارانە ئەیەوێت کۆمەڵگا کۆنتڕۆڵ بکات.

ئارەش ساڵح لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە دۆخی ئەمنییەتیی ناوچەکە و ڕۆڵی هەر دوو دەوڵەتی عێراق و ئامریکا لە پێشگرتن لە توندڕەوییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد.

سیروان کەریم بەرپرسی ئەنستیتۆ کورد و هەروەها دەیڤید فڵیپس وێڕای تەئییدی لێکدانەوەی شاندی حیزب، باسیان لە پێویستیی گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئامریکا لە ناوچەکە کرد و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە ئامریکا لە پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییەکانی خۆی جیددی تر بێت.

‎لە کۆتاییدا هەردوولا جەختیان لەسەر کاری هاوبەش بۆ زیاتر گەیاندنی دەنگی کورد و بەتایبەت کوردی ڕۆژهەڵات لە ئامریکا کرد.