کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی ئامریکا بە لەسێدارەدانی ساختە دژی سامان یاسین

13:07 - 1 سەرماوەز 2723

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، بەنیسبەت ئەشکەنجەکران و جێبەجێکردنی لەسێدارەدرانی ساختە دژی سامان یاسین، هونەرمەدنی کوردی خەڵکی کرماشان، لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، کاردانەوەی نیشان دا.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ڕۆژی سێشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەر، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک، ئاماژەی بە ئەشکەنجەکران و جێبەجێکردنی لەسێدارەدرانی ساختە دژی سامان یاسین لە زیندانی قزلحساری کەرەجدا کردووە و ئەم جۆرە کردەوانەی ڕێژیمی ئێران بەرانبەر بە زیندانییانی مەحکووم کرد.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە کردەوانە نە تەنیا پیشێلکردنی مافی مرۆڤن بەڵکوو لەگەڵ کەرامەتی مرۆییش دژایەتییان هەیە، بۆیە داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە وێڕای ڕاوەستاندنی ئەم جۆرە کردەوە نامرۆڤانەیە، ڕەوتی داداگاییکردنی دادپەروەروەانە و ڕوون بۆ هاووڵاتییان ڕەچاو بکات.

ڕێژیمی ئێران، لە سەرماوەزی ساڵی ڕابردوودا پاش ئازار و ئەشکەنجەی سامان یاسین و بەرێوەبردنی لەسێدارەدرانی ساختە، حوکمی لەسێدارەدرانەکەی بەم هونەرمەندە کوردە ڕایگەیاند.

سامان سەیدی، هونەرمەندی خەڵکی کرماشان، سەرەتاکانی مانگی ڕەزبەری ١٤٠١، لە درێژەی شۆڕشی ژینادا دەسبەسەر  کرا و دواتر بە تۆمەتی موحاربە بە لەسێدارەدران مەحکووم کرا.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان لەلایەن ناوەندە مافی مرۆییەکانەوە، ڕێژیم لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بە مەبەستی ئەشکەنجەکردنی زیندانییان، بەتایبەت لە کوردستان، کەڵکی لە لەسێدارەدان و تیربارانی ساختە وەرگرتووە.