کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٥ی نۆوامبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژبە ژنان پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە:
٢٥ی نۆوامبر، وەک ڕۆژی هاوخەباتی و یەکڕیزیی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لەدژی هەر جۆرە توندوتیژییەک بەدژی ژنان ناودێر کراوە. ئەم بۆنە جیهانییە بۆ نەتەوەی کورد و کۆمەڵگەی کوردی، جیا لە ڕوانینە مرۆییەکەی، وەبیرهێنەرەوەی ڕەهەندێکی بەربڵاوی ستەم و چەوساندنەوەیەکی هەمەلایەنەیە لەدژی ژنانی وڵاتەکەمان، کە جارێک بە هۆی کوردبوون و؛ جارێکیش بە هۆی ژنبوونەوە بەردەوام بەرەوڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.
شۆڕشی ژینا کە بە پێشەنگایەتیی ژنانی نیشتمانەکەمان و بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستی پێ کرد، وێنەیەکی ڕوونتری لە ڕەهەندەکانی ستەم و توندوتیژیی دژبە ژنان خستە ڕوو. ویستی ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی کوردستان و کۆمەڵگەکانی دیکەی ئێران بۆ ڕزگاربوونیان لە ستەم و بندەستی، بە بەشێک لە بەها بەرزەکانی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دادەنرێت، واتە پێداگرییەک کە لەسەر ئامانجی یەکسانی، ئازادی و کەرامەتی مرۆڤەکان دەکرێتەوە.
وێڕای بەرزڕاگرتنی ئەم بۆنە جیهانییە، هیوادارم وشیاری و ڕۆڵی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ سڕینەوەی هەموو جۆرە ستەم و توندوتیژییەک بە تایبەت لە دژی ژنان، پێشکەوتنی زیاتر بەخۆوە ببینێت.
بە هیوای ئازادی و کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر و یەکسان بۆ هەموو ژنانی وڵاتەکەمان.
ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
مستەفا هیجری
٤ی سەرماوەزی ١٤٠٢(٢٥ی نۆوامبری ٢٠٢٣)