سەرەڕای هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ساڵیادی شەهیدانی شۆڕشی ژینا، بنەماڵەی شەهیدان بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی تایبەت یادی شەهیدانی ئەم شۆڕشە دەکەنەوە.
ڕۆژی ٢٩ی خەزەڵوەر، بنەماڵەی شەهید کاروان قادر شوکری، لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا، بەمەبەستی بەرز ڕاگرتنی یادی کوڕە شەهیدەکەیان سەردانی سەر مەزارەکەیان کرد.
دایکی شەهید کاروان بە ڕازاندنەوەی گۆڕی کوڕە شەهیدەکەی بە جامانەی پێشمەرگانە و بە خوێندنەوەی دەقێک، وەفاداریی خۆی بۆ ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەی دەربڕی.
کاروان قادر شوکری، مێرمنداڵی تەمەن ١٥ ساڵی خەڵکی پیرانشار، ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران شەهید کرا.
بنەماڵەی شەهید کاروان، ناوی کوڕەکەیان لە بەرنامەیەکی تلویزیۆنیی حیزبی دێموکرات بە ناوی کاروانی شەهیدانەوە وەرگرتبوو.
هەر لەم پێوەندییەدا و لە ڕۆژی ٢٦ی خەزەڵوەردا، ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە بۆکان، بە چوونە سەر مەزاری شەهید غەفوور مەولوودی لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا، یادی ئەم شەهیدەی کوردستانیان بەرز ڕاگرت.
تێکۆشەرانی دێموکرات، بە دانانی ئاڵای کوردستان و یووبیلی حیزبی دێموکرات لەسەر مەزاری ئەم شەهیدەی کوردستان، وەفاداریی خۆیان بە ڕێبازی شەهیدانی کوردستان، دووپات کردەوە.
شەهید غەفوور مەولوودی، هاووڵاتیی تەمەن ٥٢ ساڵی خەڵكی بۆکان، ڕۆژی ٢٦ی خەزەڵوەری ١٠٤١، بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم شەهید کرا.