کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆڕاگری: ٤٣ کەس لە مانگی خەزەڵوەردا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون

13:44 - 4 سەرماوەز 2723

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری"، بە بڵاوکردنەوەی ئامارێک باسی لە دەسبەسەرکرانی ٤٣ کەس، لە مانگی خەزەڵوەردا و لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتیی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە کرد.

بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی خۆڕاگری، لە مانگی خەزەڵوەری١٤٠٢ی هەتاویدا، ٩ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە سزای بەندکران و پێبژاردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

بە شێوەیەکی گشتی ئەم کەسانە سەرجەم بە ٣٧ ساڵ و ٥ مانگ بەندکرانی تەعزیری و یەک ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و پێبژاردنی ٢٤ملیون تمەن مەحکووم کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم ٤٣ کەسە بە تۆمەتەکانی دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون.

بەشێک لەم کەسانە دوای تەواوبوونی لێکۆلینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.