کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاونیوز: سەرۆکایەتیی ئێران لە کۆڕبەندی کۆمەڵایەتیی شوڕای مافەکانی مرۆڤ بێڕێزیی ئاشکرایە بە خەڵکی خەباتکار و مافخوازی ئێران

20:41 - 13 خەزەڵوەر 2723

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناڕەزایەتی‌دەربڕین بە هەڵبژاردنی ئێران بە سەرۆکایەتیی کۆمەڵایەتیی شوڕای مافەکانی مرۆڤ ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و دەڵێ ئەو بڕیارە بێڕێزیی ئاشکرایە بە خەڵکی خەباتکار و مافخوازی ئێران.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

بەڕێز ئانتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان!
بەڕێز واتسڵاو باڵک، بەرپرسی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان!
ڕۆژی چوارشەممە، ١٠ی مەی ٢٠٢٣ ڕاگەیەندرا عەلی بەحرەینی، باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێتە بەرپرسی دەورەیی "کۆڕبەندی کۆمەڵایەتیی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ" و بەداخەوە ڕۆژی پێنج‌شەممە ٢ی نوڤامبری ٢٠٢٣ یەکەم دانیشتنی ئەم کۆڕبەندە بە سەرۆکایەتیی نوێنەری ڕێژیمی ئێڕان بەڕێوە چوو.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی تەمەنی دەسەڵاتدارەتیی خۆیدا بە شێوەی سیستماتێک سەرجەم مافەکانی مرۆڤی پێشێل کردوە و، لە ماوەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا بە بەرچاوی هەموو جیهان بەئاشکرا و جارێکی دی بە توندترین شێواز خەڵکی ڕاپەڕیوی وڵاتی سەرکوت کرد. لەو تازەترین سەرکوتە سیستماتیکەدا هەزاران هاونیشتمانی دەسبەسەر کران و ئەشکەنجە دران، دەیان خۆپێشاندەری ناڕازی کە ژمارەیەکی بەرچاویان ژن و منداڵ و لاو بوون؛ بەهۆی دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ڕووناکیی چاویان لەدەست دا؛ هەروەها سەدان خۆپێشاندەر بە فیشەک و لەژێر ئەشکەنجە کوژران و، هەر ئەو شێوە هەڵسوکەوتانەی ڕێژیم بووەتە هۆی ئەوەی چەندین جار هەر لەلایەن شوڕای مافی مرۆڤ و کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە چەند بڕیارنامەدا مەحکووم بکرێ.
لەلایەکی دیکەوە بەردەوامیی سەرکوتی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ بەهۆی کۆماری ئیسلامی و بایەخی خەبات و تێکۆشانی خەڵک لەپێناو دەسخستنی سەرەتاییترین مافە مرۆییەکانیان بووەتە هۆی ئەوەی نەرگس محەممەدی لەسۆنگەی خەباتی بەردەوام بۆ ئازادیی ژنان و بەهێزکردنی مافەکانی مرۆڤ خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ وەربگرێ و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و ژینا ئەمینی وەک ڕەمزی ڕاپەڕینەکانی ئەم دواییانە و ئەم بزووتنەوەیە خەڵاتی ساخارۆف بدرێتێ .
بەباوەڕی ئێمە بەڕیوەچوونی یەکەم دانیشتنی ئەم کۆڕبەندە بە سەرۆکایەتیی عەلی بەحرەینی لاساریی، دەغەڵبازی و بێڕێزیی ئاشکرایە بە قوربانیانی هەموو ئەو ساڵانەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی، بەتایبەت ئەم ڕاپەڕینەی مەزنەی خەڵک کە هەموو مافەکانیان لە حەوزەکانی ئازادیی ڕادەربڕین، کۆبوونەوە و دامەزراوەکاندا پێشێل کراوە. سەیر لەوەدایە لەو دانیشتنەدا باس لە بەشداری زانستی، لێزانی و داهێنەری بۆ پێشکەوتنی مافەکانی مرۆڤ دەکرێ، لە کاتێکدا ڕێژیمی ئێران لەو زانستە بۆ سەرکوت، سانسۆر و پێشگرتنی ڕەوتی ئازادیی زانیارییەکان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بە شیوازی فێلتێرینگی ئینتەرنێت و پلاتفۆڕمە پێوەندیدارەکانی کۆمەڵایەتی و چاوەدێریی خەڵک کەلک وەردەگرێ. هەربۆیە ئێمە وەک ناوەندێکی مافی مرۆڤ کە لە کوردستانی ئێراندا کار و چالاکی دەکەین، داواکارین خێرا ئەو بڕیارە هەڵبوەشێننەوە و عەلی بەحرەینی لەو پۆستە وەلا نێن.

ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان "چاونیوز"
٣ی نۆڤامبری ٢٠٢٣ (١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٢)