کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک ساڵ، چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد ناڕوونە

11:43 - 5 سەرماوەز 2723

عوسمان مامە، هاووڵاتیی خەڵكی بۆکان و لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک ساڵ بەسەر دەسبەسەرکانیدا، چارەنووسی ناڕوونە و هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دۆخی لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی هەینی، ٣ی سەرماوەز، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری" ڕاپۆرتێکی لەسەر ناڕوونیی چارەنووسی دەسبەسەرکراوێکی شۆڕشی ژینا بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: عوسمان مامە، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەو شارە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا، بەڵام سەرەڕای بەدواداچوون و سەردانکردنی بەردەوامی بنەماڵەکەی بۆ ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، تا ئێستا کە یەک ساڵ تێپەڕیوە، هیچ وڵامێکی ڕوون بە داواکارییەکانیان بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو هاووڵاتییە نەدراوەتەوە.

خۆڕاگری لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی: لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەند جار بنەماڵەی عوسمان مامە بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە بۆکان کراون و خراونەتە ژێر لێپرسینەوە و هەڕەشەیان لێ کراوە کە بۆیان نییە هیچ جۆرە هەواڵێک لەسەر چارەنووسی ناوبراو بڵاو بکەنەوە.

هێزەکانی ئیتلاعات ڕایانگەیاندووە کە هیچ زانیارییەکیان لەمەڕ چارەنووسی عوسمان مامە نییە، ئەمە لەحاڵێکدایە کە لە کاتی لێپرسینەوە لە بنەمالەکەی، ئاماژەیان بە وێنە و ڤیدیۆکانی نێو مۆبایلەکەی کراوە.