کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی ٨ لەسەدیی قوربانییانی ڕووداوی هاتوچۆ لە ئێران لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٢

10:54 - 14 خەزەڵوەر 2723

ڕێکخراوی پزیشکی یاسایی ئێران ڕایگەیاند، ژمارەی قوربانییانی ڕووداوی هاتوچۆ لە ئێران لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٢ بە بەراورد لەگەڵ هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو، بە ڕێژەی ٨.٢ لەسەد زیادی کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەوە تا کۆتایی مانگی خەرمانانی ئەمساڵ، ١٠ هەزار و ٧٢٠ کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە کە لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا، ٩ هەزار و ٩٠٤ کەس بووە.

هەروەک لەلایەن ڕێکخراوی پزیشکی یاسایی ئێرانەوە ڕاگەیەندراوە، لە کۆی قوربانییانی ڕووداوی هاتوچۆ لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٨ هەزار و ٤٠٦ کەس پیاو و دوو هەزار و ٣١٤ کەسیش ژن بوون.

لەم ماوەیەدا ٧ هەزار و ٣٣٨ کەس لە ڕووداوەکانی دەرەوەی شاردا گیانیان لەدەست داوە، ٢ هەزار و ٥٨٨ کەس لە ڕووداوەکانی هاتوچۆی شارەکاندا گیانیان لەدەست داوە، هەروەها ٦٥٤ کەس لە ڕێگاکانی گوندەکاندا گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها پزیشکی یاسایی لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ڕایگەیاندووە کە ژمارەی قوربانییانی ڕووداوی هاتوچۆ بە ڕێژەی ٣.٧ لەسەدی زیادی کردووە کە لە ٦ مانگی کۆتایی ئەمساڵدا ڕەوانەی ناوەندەکانی پزیشکی یاسایی  کراون. لەم ماوەیەدا ٢٠١ هەزار و ٥٤٢ قوربانیی ڕووداوی هاتوچۆ لە سەرانسەری ئێران ڕەوانەی ناوەندەکانی پزیشکی یاسایی کراون.