کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆڕانی کۆماری ئیسلامی لە وتەکانی حەسەن نەسروڵڵادا

09:59 - 15 خەزەڵوەر 2723

سمایل شەرەفی

دوای سێ حەوتوو لە بێ‌دەنگبوونی حەسەن نەسروڵڵا، سەرۆکی حیزبوڵلای لوبنان لەسەر هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و وڵامدانەوە توند و وێرانکەرەکانی ئیسرائیل، پڕوپاگاندایەکی زۆر لەسەر جۆری دەرکەوتنی ناوبراو کرا. بەجۆرێک کە چاوەڕوان دەکرا لانیکەم بە پێچەوانەی ئەوەی دەرکەوت و گوتی، خەت و نیشان بکێشێ ورە بە "بەرەی موقاومەتییەکان" ببەخشێ. بەتایبەت میدیا توندڕەوەکانی نزیک لە بەیتی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، هاوچەشنی ڕۆژنامەی "کەیهان" کە ئیدیعایان دەکرد "بێ‌دەنگیی سەید نەسروڵڵا، بۆتە کابووسێک بۆ ڕێبەرانی ئیسرائیل و ڕۆژاوا و ئەمریکا"، چاوەڕوانییەکی سەیریان لە شکاندنی ئەم بێ‌دەنگییە و جۆری هاتنەدەنگی حەسەن نەسروڵڵا ساز کردبوو.

لە کۆتایی‌دا ڕێبەری حیزبوڵڵا دەرکەوت و وەک دەڵێن "کێو ترەکی و مشکی بوو". ناوبراو نەتەنیا نەیتوانی شان و پیل بکێشێ، بەڵکوو لەگەڵ بێبەریکردنی خۆی و حیزبەکەی لە هێرشەکەی حەماس، هەوڵی تەبرەئەکردنی دایکی ڕۆحی و مەعنەویی خۆیانی وەک بەرەی موقاومەت‌ دا و گوتی؛ "کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش هیچ ئاگایەکی لە کردەوەکەی حەماس نەبووە" و هەموو هەوڵی ئەوە بوو کە پەیامی کۆتاییهێنان بە شەڕ بڵاو بکاتەوە.

دەقی قسەکانی نەسروڵڵا دوو خوێندنەوە هەڵدەگرێ کە لە هەردووکیان‌دا، "بێ‌دەسەڵاتبوون" و "ترسەنۆکی"ی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لەم دۆخەدا لێ دەردەکەێ. ئەگەر حەسەن نەسروڵڵا، مەتنی ئەم قسانەی بە هەماهەنگی لەگەڵ تاران دارشتبێ، لەگەڵ دووپاتکردنەوەی وەفاداربوونی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەموو پێکەوە لە مەترسییەکانی ئەم شەڕە بۆ سەر خۆیان گەیشتوون و دەزانن حەماس چ هەڵەیەکی کردووە کە خۆی لێ‌ بێبەری نیشان دەدەن. چونکە عەلی خامنەییش لە یەکەمین قسەکردنی‌دا لەسەر هێرشێ غەززە – لەگەڵ ئەوەی باسک و نێوچاوانی بەڕێوەبەرانی پەلامارەکەی ماچ کرد – بەڵام دەستبەجێ ڕایگەیاند کە "ئێمە هیچ ئاگادارییەکی پێشوەختەمان لەم هێرشە نەبووە". هەر لەم پێوەندییەدا تیمی دیپلۆماسیی ڕێژیم تا ئێستاش هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە کە ڕێژیمەکەی لەم شەڕە دوور بخاتەوە و بڵێ بە پێچەوانەی ئەوەی تەواوی دنیا بیر لە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لەم شەڕ و ئاژاوانەدا دەکاتەوە، ئەوان خوازیاری ڕاوەستانی شەڕەکەن.!!

دوای هاتنەسەر خەتی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوایی، نەک هەر بۆ پشتیوانی لە ئیسرائیل، بەڵکوو بۆ ڕاوەستان بەرانبەر بە تێرۆر و توندڕەوی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ماکەی ئەم چەمک و کردەوانە ناسراوە، دەسەڵاتدارانی تاران تێگەیشتن کە مەسەلەکە جیدییە. بۆیە فازێکی دیکەیان گرتە بەر و کەوتنە خۆ پاک و دوورخستنەوە لە شەڕەکە و تۆپەکەیان لە مەیدانی هێزە نیابەتییەکانی ناوچەکەدا بەجێ هێشت کە پێدەچێ جیا لە پاسکاری شتێکی ئەوتۆیان لەدەست نەیە.

بەڵام ئەگەر نێوەڕۆکی قسەکانی حەسەن نەسروڵڵا تایبەت بە خودی نەسروڵڵا و حیزبەکەی بێت و لە تارانەوە دیکتە نەکرابێ، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە جووڵاندن و بەکارهێنانی دەستوپێوەندییەکانی خۆی و هێزە نیابەتییەکانی‌دا خاوەنی ئەو دەسەڵات و ئۆتوریتەیە نییە کە لێی وێنا دەکرا. هیچ گومان لەوەدا نییە کە کۆماری ئیسلامی وەک بە قسەکانی خامنەییشەوە دیار بوو، بەرنامەی ئەوە نەبووە و نییە کە ڕاستەخۆ بەشداری شەڕی ئێسرائیل و حەماس بێت، بەڵام هەر بەپێی قسەکانی خامنەیی لە دووهەمین حەوتووی شەڕەکەدا کە باسی لە "درێژەی جینایەتەکانی ئیسرائیل لە غەززە و بێ‌سەبریی مسوڵمانان" کرد کە "ئەوان لەوەها حاڵەتێک‌دا ناتوانن پێشیان پێ بگرن"، نەدەبوا هێز و گرووپەکانی وەک حیزبوڵڵا خۆ لە ڕووداوەکە بێبەری بکەن و داوای ڕاگرتنی شەڕ بکەن.!! بە واتایەکی دیکە لانیکەم کۆماری ئیسلامی دوای ئەو هەمووە هەڕەشە و گوڕەشەیە، ئەم هەڵوێستەی لێ چاوەڕوان نەدەکردن.

ئێستا هێزەکانی ئیسرائیل لەگەڵ بوردمانی هەوایی غەززە و وێڕانکردنی داڵانە قووڵ و درێژەکانی حەماس، نەواری غەززەی بە دوو بەشی باکوور و باشوور دابەش کردووە و وەزیری دەرەوەی ئامریکاش لە سێهەمین سەردانی‌دا بۆ ئیسرائیل و ناوچەکە و دیداری لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، لەگەڵ ڕاگرتنی شەڕ موخالفە و بە قازانجی حەماسی دەزانێ. لە بەرانبەردا بە پێچەوانەی ئیدیعاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، "بەرەی موقاومەت" و هێزە نیابەتییەکانی ئێرانیش جیا لە هێندێک جووڵەی کوێری وەک هێرشی ناوەناوەی بەرەی موقاومەتی عێراق بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان لە سووریە، کڕ و بێكردەوەن.

هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە ئێستا تەنانەت بەشێک لە بەرپرسانی ئەم گرووپەش خۆی لێ بێ‌ئاگا و بێبەری دەکەن، دۆخێکی تایبەتی بەسەر ناوچەکەدا هێناوە و زەرەرمەندیی سەرەکیی ئەم شەڕە خەڵکی مەدەنیی نەواری غەززەن. کۆماری ئیسلامیی ئێران هەرچەند هەوڵی بێ‌ئاگایی خۆی و گرووپە هاوپەیمانەکانی لەم شەڕە بدات، ناتوانێ تاوانباربوونی خۆی لە بیروزەینی بیروڕای گشتیدا بسڕێتەوە. بە پێچەوانەی ئەوەی لە میدیاکانییەوە ئەوەیش تەنیا بۆ پاساوی سیاسەتە هەڵەکانی خۆی ئیدیعای دەکات، دۆڕاوی ئەم‌ شەڕە کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەموو ئەو هێز و لایەنانە بەستراوانە بن کە پێدەچێ تازە لە پیلان و مەرامەکانی ئەم ڕێژیمە گەیشتبێتن.