کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی دەسبەسەرکردن و سەپاندنی سزای قورس بەسەر هاووڵاتییانی بەهاییدا

13:15 - 17 خەزەڵوەر 2723

لە درێژەی سەرکوتکردنی هاووڵاتییانی بەهایی لەلایەن ڕێژیمەوە، هاوکات لەگەڵ دادگاییکردنی سێ هاووڵاتیی بەهایی لە شاری ساری، هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران هەڵیانکوتایە سەر ماڵی چەند هاووڵاتییەکی دیکەی بەهایی لە هەمەدان و دەستیان بەسەر بەڵگەنامە و کەلوپەلەکانیاندا گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی "هێرانا"، ڕۆژی سێشەممە ١٦ خەزەڵوەر، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە هەمەدان، هەڵیانکوتایە سەر ماڵی چوار هاووڵاتیی دیکەی بەهایی و لە کاتی پشکنینی ماڵەکانیان، دەستیان بەسەر بەڵگەنامە و پاسپۆرت و هەندێک کەلوپەلی تایبەتیی ئەواندا گرت.

لە هەمان کاتدا سێ هاووڵاتیی بەهایی دانیشتووی شاری ساری، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لەو شارە، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندیی گرووپ یان ڕێکخراوە دژبەرەکانی ڕێژیم" و "ئەندامەتی لە گرووپ و دەستە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات" دادگایی کران.

لەم پێوەندییەدا، کۆمەڵگەی جیهانیی بەهایی لەم دواییانەدا بەیاننامەیەکی دەرکرد و دەرکردنی حوکمی زیندان لە دژی هاووڵاتییانی بە شێوازی چڕتر بە پێشێلکردنی مافی بەهاییەکان لە ئێران ناو برد و خوازیاری ئەوە بوو کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ڕێژیمی ئێران لە بەرامبەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ، بەرپرسیار بکات.

لە ئێراندا زیاتر لە ٣٠٠ هەزار بەهایی هەن، بەڵام بەپێی یاسای کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئایینی بەهایی دانپ پێدا نانری و مافی بەهاییەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک لەلایەن ڕێژیمەوە پێشێل دەکرێت.